پشکی هەرێم لە پرۆژە بودجەی عێراق ئاشکرا دەکرێت

پەرلەمانتارێکی کوردستان ئاشکرا دەکات کە پشکی کورد لە پرۆژە بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ کە ئەمشەو پەسەندکراو ئاراستەی پەرلەمانی عێراق کرا، ١٣ ترلیۆن و ٤٦٦ ملیار دەبێت.

 
عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە " پشکی کورد بە باشی لە بودجەی ٢٠٢١ ی عێراق دیاری کراوە، ١٣ ترلیۆن و ٤٦٦ ملیارەو دەبێت بە ھەموو توانا پشتیوانی ببین".

 
 
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت " بودجەی ٢٠٢١ لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پەسەندکرا، وەک کەسێک چەند ساڵێكە لە بودجەی عێراق ورد دەبمەوە زۆرترین وردەکاری تێدایە بەراورد بە بودجەی ساڵانی پێشوو: 

 
پشکی ھەرێم ١٢.٦٧٪‏ بە ( ١٢ ترلیۆن و ٤٨٢ ملیار دینار)  دانراوە. 

 
پشکی ھەرێم لە خەرجی حاکیمە ٩٨٠ ملیار دینارە.

 
جگە لەم دوو بڕە، چەند ڕێگایەکی دیکەش ھەیە ھەرێمی کوردستان لێی سودمەند بێت".

 
هەروەها دەشڵێت " پارەی کرێی گواستنەوەی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتی ھەرێم حکومەتی عێراق دەیدات لەگەڵ ١٠٠ ھەزار بەرمیلی کەرکوک". 

 
١٧ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە، ملیۆن دۆلاریش بۆ پرۆژەی کارەباو ٩ ملیۆن دۆلار بۆ ئاو دانراوە . 


عەلی حەمە ساڵح تێبینیەکانی خۆی ئاشکرا دەکات بۆ هاوەڵەکوردەکانی لە پەرلەمانی عێراق و دەڵێت" ھەرێم نابێت بە ھیچ شێوەیەک بیکاتە گرفت لە بری پارەی نەوت ئەگەر داوای ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتکرا، بەوپێی عێراق کرێی بۆری ٢٥٠ ھەزار بەرمیل دەدات، ھەرێم نەوتەکە بدات باشترە. 

 
تێبینییەکی تریشی " لە شوێنێکدا پێشمەرگە لە خەرجی سیادی دیاری کراوەو لە شوێنێکیشدا لەسەر پشکی ھەرێم دیاری کراوە، ئەمە بخرێتە سەر سیادی لە بەرژەوەندی پشکی ھەرێمە". 


تێبینی سێهەمی ئەو پەرلەمانتارە باس لەوە دەکات کە بەپێی داتای وەزارەتی پلاندانان ھەرێم ١٣.٩٣٪‏ ی عێراقەو لەپشکی بودجەدا بە ١٢.٦٧ ٪‏ دانراوەو ئەمەش بابەتی دانوستانەو بەڕاستکردنەوەی پشکی ھەرێم زیاددەکات".

 
پەرلەمانتارەکەی گۆڕان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە بەگشتی من ئەو پرۆژەیەی زۆر پێباشەو دەڵێت "دەتواندرێت باشتریش بکرێت، ئێستا کاتی ئەوەیە بەرژەوەندی میللەت بخرێتە پێش ھەموو بەرژەوەندیەک و ھەموومان پشتیوانی پەرلەمانتارانی کوردی لیژنەی دارایی بکەین".




PM:11:35:21/12/2020