پارێزگاری سلێمانی لەسەر دۆخی ئابوری و قەیرانەکان پەیامێکی بڵاوکردەوە

پارێزگاری سلێمانی لەسەر دۆخی ئابوری و قەیرانەكان پەیامێكی بڵاوكردەوەو ڕایدەگەیەنێت" ڕۆژانە، قەیرانەكان قوڵتر دەبنەوە، نەهامەتییەكان زیاتر دەبن و، نەبوونییەكان زۆرتر دەبن". 

 

هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵاییەتیی فەیسبووک رایگەیاند" ڕۆژانە، قەیرانەكان قوڵتر دەبنەوە، نەهامەتییەكان زیاتر دەبن و، نەبوونییەكان زۆرتر دەبن، دۆخەكان؛ لەسەر زەمینەی ئەم واقیع و زەمەنەی تیایدا دەژین و لەبەردەمماندایە، پێویستیان بە ئیدارەدانێكی لۆژیكییانەو مەیدانییانەو كردارییانە هەیە".

 

وتیشی" ‎بۆ ئەمە پێویستمان بە كاری هاوبەشی شەفافانەو زانایانەو دانایانەو دڵسۆزانە هەیە، بە بیرێكی خۆماڵییانەو بەپشتبەستن بە ڕەوەندی كوردیی و دۆستە ڕاستەقینەكانی كوردستان و ئەزموونگەرو زانستمەندو وەبەرهێن و هەدارو پارەكارو بازرگان و ئابوریمەندە نیشتمانییە خاوێنەكان، چارەسەری خێراو دورمەودا بۆ قەیران و كێشەكان بدۆزینەوەو، حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەی ڕۆژانەی خێرا بۆ ئەم مەبەستە بەبێ بۆڵبژێركردن و بەحیزبیكردنی ئەم كەسانە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاوو ڕاستەقینە ڕێكبخات و تەنها پشت بەخۆی نەبەستێت، تەنها چاوی لە حیزبەكان نەبێت؛ كە بەشێكی زۆریان لەپاڵ خۆپەسەندیی و بێباكییاندا، بەتایبەتی حیزبە دەسەڵاتدارەكان، هۆكاری سەرەكیی ئەم قەیرانانە بوو".

 

ڕاشیگەیاند" ‎ناكرێت ئێمە هەموو سەرچاوەكانی بەدەستخستنی داهات و پتەوكردنی دارایی و ئابوریمان هەبێت، بەڵام نەختینە و بودجەی پێویستمان نەبێت، لۆژیك ڕێگا نادات كوردستان لە ڕابردوودا بە تەنها داهاتی دوو مەرز بەبێ پشتیوانیی حكومەتی عێراقیش بەڕێوەبرابێت، ئێستا بەم هەموو سەرچاوەی داهاتەوە كەوتبینە قوڵایی قەیرانەكانەوە، بۆیە ئەمە ئەوە دەسەلمێنێت كە ئێمە كێشەی بەڕێوەبردن و نەبوونی پلانی دارایی و ئابوریمان هەیە، كێشەی شەفافییەت و لێپرسینەوەو بەدواداچوون و متمانە بەخۆبوون و متمانە بەیەكترمان هەیە".

 

هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر جه‌ختیشیكرده‌وه‌، پێویستمان به‌ ڕۆحێكی نوێیه‌، به‌ هه‌ناسه‌یه‌كی پاكه‌، بكرێته‌وه‌ به‌ به‌ری جه‌سته‌ی شه‌كه‌ت، وێران و ماندوی دارایی و ئابوریی، بوژاندنه‌وه ‌و په‌ره‌پێدانی ئه‌م وڵاته‌دا. 



PM:01:01:23/12/2020