وەزارەتی ناوخۆ رێوشوێنەکان بۆ سەری ساڵ توند دەکاتەوە

وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لەبارەی رێوشوێن بەرامبەر بڵاوبوونەوەی زیاتری کۆرۆنا به‌یانی ژماره‌ 57 ی دەرکرد کە هاتن و چوون بۆ چەند وڵاتێکی قەدەغەکرد، هەروەها هەرچی کۆڕ و کۆبوونەوەو ئاهەنگە بەهۆی سەری ساڵەوە قەدەغەکران.


پوخته‌ی بڕیاره‌كان:


یه‌كه‌م: قه‌ده‌غه‌كردنی گه‌شتی هاووڵاتیانی عێراق بۆ وڵاتانی (به‌ریتانیا، باشووری ئه‌فریقا، ئوسترالیا، دانیمارك، هۆڵه‌ندا، به‌لجیكا، ئێران و ژاپۆن).


دووه‌م: قه‌ده‌غه‌كردنی هاتنی كه‌سانی بیانی له‌و وڵاتانی ناویان هاتووه‌، جگه‌ له‌ نێرده‌ دیپلۆماتییه‌كان و شانده‌ فه‌رمییه‌كان.


سێیه‌م: ئه‌و هاووڵاتییه‌ عێراقییانه‌ی له‌و وڵاتانه‌ی ناویان هاتووه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ 14 رۆژ كه‌ره‌نتینه‌ ده‌كرێن.


چواره‌م: ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی حاجی ئۆمه‌ران، باشماخ و په‌روێزخان به‌ رووی گه‌شتیاران داده‌خرێن.


پێنجه‌م: هه‌موو گردبوونه‌وه‌ و كۆنفرانس و كۆبوونه‌وه‌یه‌ك قه‌ده‌غه‌یه‌.


شه‌شه‌م: داوه‌ت و شایی و چوونه‌ سه‌ر قه‌بران و پرسه‌ دانان قه‌ده‌غه‌ن و سه‌رپێچیكار به‌ بڕی 2 ملیۆن دینار سزا ده‌درێت.


حه‌فته‌م: هه‌موو شوێنه‌ گشتییه‌كانی وه‌ك ماركێت و ریستۆرانت و شوێنه‌ بازرگانییه‌كان به‌ بێ به‌ستنی ماسك نابێت رێگه‌ به‌ هیچ كه‌سێك بده‌ن بچێته‌ ژووره‌وه‌ و سه‌رپێچیكار به‌ یه‌ك ملیۆن سزا ده‌درێت.


هه‌شته‌م: له‌ دامه‌زراوه‌كانی كه‌رتی تایبه‌ت به‌ستنی ماسك ده‌كرێته‌ ناچاری و هه‌ر دامه‌زراوه‌یه‌ك سه‌پێچی بكات به‌ 150 هه‌زار بۆ هه‌ر حاڵه‌تێك سزا ده‌درێت.


نۆیه‌م: پێویسته‌ دانیشتوانی هه‌رێم ره‌چاوی رێكاره‌كانی خۆپارێزی بكه‌ن.


ده‌یه‌م: هه‌ر كه‌سێك ره‌چاوی به‌ستنی ماسك نه‌كات به‌ 20 هه‌زار دینار سزا ده‌درێت.


یازده‌هه‌م: له‌ كاتی هه‌بوونی سه‌رنشین له‌ ئۆتۆمبێلدا شوفێر ده‌بێت ماسك ببه‌ستێت و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ 50 هه‌زار سزا ده‌درێت.


دوازده‌هه‌م: ئه‌م لایه‌نانه‌ راسپێردراوون بڕگه‌كانی ئه‌م به‌یانه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن و پێبژاردنه‌كان وه‌ربگرن:


1- لیژنه‌كانی قائیمقامیه‌ت.


2- پۆلیسی رێكاری.


3- به‌ڕێوبه‌ری فه‌رمانگه‌.


4- بنكه‌ی پۆلیسی هاتوچۆ.


5- ئه‌فسه‌ری پۆلیسی هاتوچۆ له‌ كاتی ئه‌ركدا.


6- بنكه‌كانی پۆلیس.


7- ئه‌فسه‌ری پۆلیس له‌ كاتی ئه‌ركدا.

PM:02:20:24/12/2020