كه‌مال كه‌ركوكی‌: پڕۆژەی بەهەرێمكردنی كەركوك دەستی خیانەتكارانی لە پشتەوەیە

سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركووك - گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت" راگەیاندنی پڕۆژەی بەھەرێمكردنی كەركوك، دەستی خیانەتكارانی لە پشتەوەیە. جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ی‌، كەركوك خاوەنی ھەیە و دەست لە كەركوك و ھیچ مافێكی خۆشی ھەڵناگرێت". 

 

كه‌مال كه‌ركوكی‌، سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركوك - گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ ماڵپه‌ڕی‌ فه‌رمی‌ پارتی ڕاگەیاند" راگەیاندنی پڕۆژەی بەھەرێمكردنی كەركوك، دەستی خیانەتكارانی لە پشتەوەیە و بۆ یەكلاكردنەوەی ئایندەی كەركوك، لە دەستوری عیراق ماددەی ١٤٠ دانراوە و ئەو ماددەیەش بۆ دیاریكردنی ئایندەی كەركوكە، كە دانیشتووانی بۆ ئایندەی شارەكە لە ڕیفراندۆمێكدا بە ئازادی دەنگ دەدەن، كە ئایا ئیدارەكەی لەگەڵ ھەرێمی كوردستان دەبن یاخود لەگەڵ حكومەتی ئیتیحادی، ئەو ڕیفراندۆمەش بۆ ئیدارەدانێتی نەك بۆ چارەنووسی خاكەكەی".

 

وتیشی" ئەوەی ئێستا ھەوڵی بۆ دەدرێت، خەڵكێكە بۆ ئەوەی شتێكیان دەست بكەوێت خۆیان ھەرزانفرۆش كردووە لەگەڵ خەڵكێكی شۆڤێنی دژی مافی گەلی كوردستان و خەڵكی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستانن و، ئەوەی من ئاگادارم لە كۆنفرانسەكەدا چەند كەسێكی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر ھەڵوێستی پاكی خۆیان نیشان دا دەربارەی ئەو بۆچوونە و گوتیان كەركووك نابێتە ھەرێمێك و ماددەی ١٤٠ بۆ  یەكلایكردنەوەی ئایندەی كەركووك دانراوە".

کەمال کەرکوکی ئاشکراشیکردووە، ئێمە ئاگادارین بە ھەموو شێوەیەك ھەوڵ ھەیە وەك سەردەمی سەددام، كە كەركووكی پارچە پارچە كرد و ھەر جارەو پارچەیەكی خستە سەر پارێزگایەك، بۆ ئەوەی ڕێژەی كورد لە كەركووك كەم ببێتەوە، لەو كارانەی كردیان ناحیەی زابی كە سەر بە شەرگاتی مووسڵ بوو، خستیە سەر حەویجە بۆ ئەوەی نفوسی عەرەبی كەركووك زیاد بكات، چەمچەماڵی لە كەركووك دابڕی و خستیە سەر سلێمانی و دووزی لە كەركووك لادا و خستیە سەر تكریت (سەڵاحەددین) و زۆر موڵكی لە كورد و توركمان  سەند و دای بە عەرەب، ھەموو ئەو ھەوڵانە بۆ ئەوە بوو ڕێژەی كورد لە كەركووك كەم بكەنەوە و ژمارەی عەرەب زیاد بكات، كە ئەو كارە شۆڤێنیانەی ئەو سەردەمە، ھێشتا بە تەعریب و شێوازی جۆراوجۆر بەردەوامە و ئەنجامەكەشی پووچە، چونكە كەركووك خاوەنی ھەیە و دەست لە كەركووك و ھیچ مافێكی خۆشی ھەڵناگرێت. 



PM:08:10:24/12/2020