لە ئێران گەریلایەكی پێشووی پەكەكە بە ١٢ ساڵ زیندانی سزادرا

هاووڵاتییەکی خەڵکی جوانڕۆ کە لە کۆتاییی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران دەستگیرکرا، لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، سزای بەندکردنی بەسەردا سەپێنرا. 

بە گوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، هاووڵاتییەکی خەڵکی جوانڕۆ بە ناوی (سالار خان ئەحمەدی)، لە لایەن دادگای شۆڕشی پاوەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر (بەهمەنی)، سزای ١٢ ساڵ زیندانی هەڵپەسێراوی بەسەردا سەپێنرا. 

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم سزایە بە تۆمەتی ئەندام بوونی ناوبراو لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پ ک ک) دەرچووە و پارێزەری ئەو هاووڵاتییە کوردە بەرامبەر بە بڕیاری دادگا ناڕەزایی دەربڕیوە و دۆسیەکە گوازراوەتەوە بۆ دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای کرماشان.

سالار خان ئەحمەدی، لە کۆتایی ڕەزبەر(ئۆکتۆبر)ی ئەمساڵدا پاش جیا بوونەوەی لە پارتی کرێکارانی کوردستان، گەڕایەوە بۆ زێدی خۆی و لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و پاش چەند ڕۆژ بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

سالار خان ئەحمەدی بۆ ماوەی پێنج ساڵ ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان بووە و چەند ساڵیش لە ڕۆژئاوای کوردستان لە دژی داعش شەڕی کردووە.

AM:10:35:25/12/2020