ده‌میرتاش لە زیندانەوە پەیامێكى بڵاوكرده‌وه‌

دواى ئەوەی دادگای ئەوروپا بۆ مافەكانی مرۆڤ، داوای ئازادكردنی  سەركردەی پارتی دیموكراتی گەلان، سەڵاحەدین ده‌میرتاشی کرد  لە زیندانەوە پەیامێكی بڵاوكردەوە.

 

سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش، هاوسه‌رۆكی پێشوتری پارتی دیموکراتی گەلان(هەدەپە) لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر لە نوسینێکدا دەڵێت" شتێكی ڕوونە كە تەواوی ئەو بەناو ڕێكارە یاساییانەی دژی من و هاوڕێیانم ئەنجامدراون بۆ ماوەی شەش ساڵ، ئامانجێكی سیاسی لەپشتەوە بووە و هیچ یاسایى نه‌بووه‌". 

 

هەروەها لە پەیامەکەیدا دەمیرتاش ئاماژەی بەوەشکردووە" توركیا گەورەترە لە (تیمی پێنج چەتە)، تەماشای ئەوە مەكەن كە هاواری بۆ دەكەن، چونكە دەیانەوێت بەو هاوارانە ترس و لاوازیی و كەمتواناییەكانیان پیشانبدەن، بەهێزبن و دژ بە ناسۆرییەكان بوەستن، ئێستا من ئەو كارە ئەنجامدەدەم، ئێمە بەهێز و بە هەڵوێست و رەوشتین، هەمومان پێكەوە سەردەكەوین خەمبار مەبن".

 

پەیامەکەی دەمیرتاش لەکاتێکدایە، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو دادگای ئەوروپا بۆ مافەكانی مرۆڤ بڕیاریدا، دەستبەجێ (سەڵاحەدین ده‌میرتاش) ئازاد بكرێت.

 

سەڵاحەدین دەمیرتاش، لە بەروارى (4/11/2016) دەستگیراکراوە و لە گرتوخانەى ئەدیرنا هێڵراوەتەوە، تائێستا چەند جارێک دادگایى کراوە و بڕیارى زیندانى کردنى لەسەر یەک دۆسیە بۆ دەرچوە بە زیندانیکردنى بۆ ماوەى پێنج مانگ، هەدەپەش دەستگیرکردنى دەمیرتاش و مانەوەى چوار ساڵى لە زیندان، وەک دەستبەسەرکردنێکى سیاسى ناو دەبات. 



PM:01:51:25/12/2020