لەسەر بڵاوبوونەوەی نەخۆشی (گەڕی) لە سلێمانی ڕوونكردنەوە دەدرێت

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەد رەشیدی تایبەت بە منداڵان لە سلێمانی رایدەگەیه‌نێت" نەخۆشیی گەڕی لە سلێمانی بڵاونه‌بوه‌تەوە و ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ حاڵه‌تێكی ئاساییه‌، دایكان و باوكان با منداڵەكەیان جیابكەنەوە تاوەكو نەگوازرێتەوە بۆ ئەوانی دیكە". 

 

لەرونكردنەوەیەكدا د. پشدەر عەبدوڵا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان کە هاوکات بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەد رەشیدی تایبەت بە منداڵانە لە سلێمانی رەتیدەکاتەوە لە سلێمانی و لە نەخۆشخانەکەیان نەخۆشیی گەڕی بڵاوبووبێتەوە و ئەوەی هەیە حاڵەتێكی ئاساییە.

 

پزیشكە پسپۆڕەکەی منداڵان روونیدەکاتەوە هەواڵی بڵاوبوونەوەی گەڕی لە سلێمانی دوورە لە راستییەوە، ئەو چەند حاڵەتەی تووشبوون کە تۆماردەکرێن بە بڵاوبوونەوە داناندرێت و بەراورد بە ساڵان، رێژەی تووشبوون زۆر کەمترە. 

 

دەشڵێت" چارەسەری نەخۆشی گەڕی ئاسانە و لە نەخۆشخانەكەیان بەردەستە". 

د. پشدەر داوادەكات، دایك و باوكان نەترسن، ئەگەر هەستیان كرد منداڵەكەیان خورانی بەردەوامی هەیە تەنیا جیای بكەنەوە و جێگەكەی لەگەڵ منداڵەكانی دیكەی جیاوازبێت، بۆ ئەوەی گواستنەوەكە زیاد نەكات. 



PM:03:26:25/12/2020