لەبارەی کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبا روونکردنەوە دەدرێت

کارەبای سلێمانی روونکردنەوەیەکی لەبارەی کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبا بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت" هۆکارەی کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا دەگەڕێتەوە بۆ زیادبوونی خواست بۆ بەکارهێنانی کارەبا". 

 

بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئاشكرایە لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و دابەزینی پلەكانی گەرما و بەرزبوونەوەی خواست لەسەر بەكارهێنانی بەشێوەیەك، كە گەیشتوتە زیاتر لە ۲٤٠٠ مێگاوات لە پارێزگا و پێشبینی بەرزبوونەوەی زیاتری خواستیش دەكەین و بەوهیویەوە كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا لە ناو شار بۆ (۸ بۆ ۹) كاتژمێر كەمبۆتەوە.

جەختیشی كردۆتەوە، كە هەوڵەكانی وەزارەتی كارەبا بەردەوامە بۆ زیادكردنی بەرهەمهێنانی كارەبا، كە لەمساڵدا گەیشتە ۳۸٠٠ مگاوات، بەڵام بەداخەوە دابەش نەكردنی نەوتی بەسەر هاووڵاتیاندا و بەكارهێنانی كارەبا لەبری سوتەمەنی خواستی لەسەر كارەبا زۆر زیاد كردوە، جگە لەوەی، كە بەشێك لە فیدەر تۆڤەر لۆدە و هەندێك گەڕەك سەرە محەولەی بۆ دانراوە، كە (۲٤) كاتژمێر كارەبای نیشتیمانیان نابێت.

باسی لەوەش دەکات، بەڕێوەبەرایەتی كۆنترۆڵی كارەبای سلێمانی وەك بەرپرسیاری سەرەكی لە دابەشكردنی كارەبا بەسەر فیدەرەكاندا كە(٦٠٠) فیدەرە، هەوڵ دەدەدات، كە جۆرێك لە دادپەوەری هەبێت لە بێدانی كارەبا بەسەر گشت گەڕەك و شارو شارۆچكەكان .

بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی داوا لە هاووڵاتیان دەكات" هاوكارمان بن، دڵنیابن كە كەمبوونەوەی كارەبای پەیوەندی بە بەرزبونەوەی خواستەوە هەیە، هەوڵی تەواو دەدەین كە ئەو بڕە كارەبایە هەیە بە دادپەوەری دابەشی بكەین، دووبارەشی دەكەینەوە، كە هاوكاری هاووڵاتیان یارمەتی دەردەبێت بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە". 



PM:06:53:30/12/2020