ماڵپەڕی " سپی " پیرۆزبایی هاتنی ساڵی ئایندە لە هاوڵاتیان دەکات

لە کاتژمێر ١٢ ی ئەمشەوەوە خەڵکی کوردستان و عێراق پێدەنێنە ساڵی ٢٠٢١ ەوەو ساڵێکی پڕ لە کێشەو گیروگفتی هەمەلایەنە جێدەهێڵێت.

 

ساڵی ٢٠٢٠ بۆ خەڵکی کوردستان وەک گەلانی تری سەر گۆی زەوی، تەنها ساڵی لە دەستدانی ئازیزان نەبوو بەهۆی پەتای کۆرۆناوە، بەڵکو کێشەکانی خەڵکی کوردستان تەنها لە مەدا نەوەستابووەوە، سەرباری پەتای کۆرۆنا، دۆخی خراپی ئابوری هەرێم، بەهۆی نەدانی مووچە لە کاتی خۆیداو دابەشکردنیشی بە لێبڕینەوە، کاریگەری ئێجگاو خراپی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان دروستکردووە، ئەمە جگە لەوەی بەردەوامبوونی شێوازی گەندەڵی کۆن و نوێ کە لە ئەنجامدا بنەماڵەو حیزبەکان و کادیرانی حیزبی دەوڵەمەند تر کردووەو هاوڵاتیانیش هەژار و هەژار تر کردووەو بوونەتە هەڕەشە لەسەر ژیانی ئاساییان.

 

دەستدرێژی بۆ سەر ئازادییەکان و دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسان و خۆپیشاندەرانی مەدەنی و کوشتنی خۆپیشاندەران و پاسەوانی بارەگاکانیش، هەڕەشەی جدی بوون لەسەر ئاشتی کۆمەڵایەتی لە هەرێمدا، سەرباری ناکۆکی سەرجەم لایەنەکانی ناو حکومەت و دەرەوەی حکومەت نەبوونی توانای کارکردن پێکەوە و نەبوونی هیچ بەرنامەیەکی هاوبەشی حکومی و ئۆپۆزسیۆنیش کێشەکانی هەرێمی قوڵتر کردۆتەوە.  

 

لەم تابلۆ رەشەوە، خەڵکی کوردستان پێدەنێتەوە ساڵی ٢٠٢١ ەوەو هیوادارین ئەمساڵە نوێیە سەرەتا بێت بۆ هەنگاونان بە ئاراستەی چارەسەری کێشەکان و کۆتایی هاتن بە گەندەڵی و نا دادپەروەری.

 

هەر لێرەوە بەناوی ستافی " دەزگای سپی " یەوە لە کانگای دڵمانەوە پیرۆزباییەکی گەرم لە هاوڵاتیان دەکەین و هیوای تەندروستەیەکی باش و ژیانێکی شایستەتریان   لەمەی هەیە، بۆیان دەخوازین.

 



PM:06:57:31/12/2020