" دادگا جورئەتی نەکرد بڕیاری دەستگیرکردنی قاچاخچیەکان دەربکات"
مەرزی باشماخ داوای هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر دەکات

لەسەر داوای مەرزی نێودەوڵەتیی باشماخ، دادگای لێکۆڵینەوەی پینجوێن داوای لابردنی پارێزبەندی لەسەر عەلی حەمەساڵح پەرلەمنتاری گۆڕان دەکەن، عەلی حەمە ساڵح لە وەڵامی ئەو داوایەدا دەڵێت " ھیچ دادگایەک جورئەتی نەکرد بڕیاری گرتن بۆ قاچاخچیەکان دەربکات".


بەپێی نوسراوێکی دادگای لێکۆڵینەوەی پێنجوێن کە ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان کراوە، ئاماژە بۆ ئەوە کراوە، " لەسەر سکاڵای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی باشماخ کە سکاڵایان لەسەر عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکردووە، گوایە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک تۆمەتی داوەتە پاڵیان، داواکارین بە ڕەزامەندیتان لەسەر لابردنی پارێزبەندییەکەی و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەری."  


بەرامبەر ئەم داوا یاساییە، عەلی حەمە ساڵح بە ناونیشانی " قاچاخچی و پاسەوانی قاچاخچیەکان من دەدەن بەدادگا"  نووسیوویەتی " لە ڕابردودا بە چەندین ڕێگای جیاواز  زۆر ھەوڵتاندا تا بێدەنگ بم لە دۆسیەی قاچاخچیەکان، کۆڵم نەدا تاوکو ھەمووان تێگەشتن ئەم حوکمڕانە قاچاخچیانە چۆن دزی لە میللەت دەکەن، دوایەمین ھەوڵیان ئەوەیە لە ڕێگای دادگاوە بمانترسێنن، بێمنەت بن و چیتان لەدەستدێت بیکەن".

 
ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان کە لەم خوولەی پەرلەماندا کەم مانگ هەیە قسەی لەسەر قاچاخچێتی دەروازە سنوریەکان نەبێت دەڵێت " قەبارەی قاچاخی مانگانە لە باشماخ ٥٥ ملیۆن دۆلار زیاترە، لە بازاڕی جگەرەکە نوسینگەی قاچاخیان داناوەو ئێستا تەواوی جگەرە بە قاچاخ دێت، لە عەقاری نوسینگەی قاچاخیان بۆ ئۆتۆمبیل داناوەو ھەموو ئۆتۆمبیلێکی ڕێگا پێنەدراو داخڵ دەکەن، لە جبس و ھێلکەو فەرش و کەرەستەی کارەبایەوە تاوەکو بزن و مەڕو پاککەرەوە باقاچاخ داخڵدەکەن".

 
دەربارەی ئەو هێزە ئەمنییەی کە دەبێت نەهێڵێت کاری قاچاخی لەو دەروازانەوە بکرێت، دەڵێت "لەو ئەو ھێزە ئەمنیەی لە باشماخە..تەنسیق بۆ سەرجەم بارە قاچاخەکان دەکات، پاشان لە ھەموو بازگەکانیش بەناوی باری تەنسیقەوە بەبێ ئەوەی داوای مەنەفێست و وەرقەی گومرگ بکەن داخڵی دەکەن".

 
هەروەها دەشڵێت "لە موبایل و ئاڵتونی مەتاڕەوە بۆ قاچاخی ھەموو خاڵە سنوریەکان، لوتکەی دەسەڵاتی لەپشتە..کاک لیوا مەریوان بەرپرسی کۆمەڵگای باشماخ، ئەگەر دەزانن باسکردنی ئەم قاچاخیە خراپە، تەنسیقی بارە قاچاخەکان ڕابگرن".

 
عەلی حەمە ساڵح لە کۆتایی دا دەڵێت "ھیچ دادگایەک جورئەتی نەکرد بڕیاری گرتن بۆ قاچاخچیەکان دەربکات، بەڵام من لەسەر باسکردنی دەبێت بچمە دادگاو دڵنیابن بێدەنگ نابم". 




PM:01:12:11/01/2021