كۆمەڵە ئامادەیی خۆی بۆ پارێزگاریكردن لەهەرێم راگەیاند

كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا ئامادەیی خۆی بۆ پارێزگاری كردن "لەم ئەزمونە لەدەست تیرۆریستان‌و رەگەزپەرستان" دەربڕی.

لەو راگەیەنراوەدا كە وێنەیەكی بۆ سپی میدیا نێردراوە، هاتووە "ئێمە وەک کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان پشتیوانی خۆمان بۆ حکومەتی هەرێم لە پارێزگاری خەڵکی باشووری کوردستان دەردەبڕین‌و ئامادەین بۆ پارێزگاری لەم ئەزمونە لە دەست تێروریستان‌و ڕەگەزپەرەستان‌ هەموو هاوکارییەک، بە هەموو شێوەیەک پێشکەش بکەین".

دەقی راگەیەنراوەكە:

ڕاگەیاندنی کۆمەڵە سەبارەت بە جموجۆلی نیزامی داعش لە عێراق
ئەوەی لەم ڕۆژانەدا لە عێراق ڕوو دەدەن، بەهەڵکەوت‌و لە ناکاو نییەو نەبووە. بەشی زۆری ئەم بشێوییەی ئەوڕۆ کە هەموو عێراقی گرتوەتەوە، لە شێوازی حوکمرانی‌و سیاسی ڕەگەزپەرەستانەی دەوڵەتی نوری مالیکییەوە سەرچاوە دەگرێ کە بە ڕێنوێنی ئێران  لەگەل هەموو پێکهاتە سیاسیەکانی عێراق رەفتاری کردوە.
هەروەها پێکهاتەو بنچینەی دەوڵەتی نوێی عێراق هەلی بۆ هەموو گروپە ڕەگەزپەرەست‌و تێروریستەکان خۆش کرد تا خۆیان تەیار بکەن‌و خەڵکی عێراق ڕووبەڕووی شەڕێکی ناوخۆیی‌و مەزهەبی‌و کۆنەپەرەستانە بکەن.
لەم هەل‌و مەرجەدا پێویستە حکومەتی هەرێم‌و هەموو هێزە سیاسیەکانی باشووری کوردستان بە کردەوەو بڕیاری یەکدەست پارێزگاری لە خەڵکی ناوچە دابرێندراوەکان بکەن‌و ڕێگە نەدەن ئاوری ئەم شەڕە کۆنەپەرەستانە رەگەزییە زیان بە خەڵکی ئەم ناوچانە بگەیەنێ. ئێستا کاتی یەکگرتووییە بۆ هێنانەوەی ناوچە دابرێندراوەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان‌و پاراستنیان لە دەست داعش.
ئێمە وەک کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان پشتیوانی خۆمان بۆ حکومەتی هەرێم لە پارێزگاری خەڵکی باشووری کوردستان دەردەبڕین‌و ئامادەین بۆ پارێزگاری لەم ئەزمونە لە دەست تێروریستان‌و ڕەگەزپەرەستان‌ هەموو هاوکارییەک، بە هەموو شێوەیەک پێشکەش بکەین.
سکرتاریەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
11/6/2014




PM:11:37:11/06/2014