ئەنجامنامەی کۆنفرانسی (رۆڵی میدیاکار لە ستراتیژی ئاسایشی نەتەوەییدا، دەرفەت و ئاستەنگەکان) بڵاوکرایەوە

بە ئامانجی لێکنزیکردنەوەی میدیاکارانی کوردستان، شرۆڤەکردنی دۆخی میدیای کوردی و رۆڵی ئەو میدیایە لە کایە جۆراوجۆرەکانی ئاسایشی نیشتمانی کوردستاندا، لە کۆنفرانسێکدا خرانە بەر باس، بەشداربوان هاوڕابوون لەسەر دامەزراندنی ناوەندێکی میدیایی لەسەر ئاستی کوردستان و بەکارهێنانی زمانێکی هاوبەش.

 

کۆنفرانسەکە، بە ئامادەکاریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – کەنەکە رۆژی شەممە ١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ بەشێوەی ئۆنلاین بە ناونیشانی ( رۆڵی میدیاکار لە ستراتیژی ئاسایشی نەتەوەییدا، دەرفەت و ئاستەنگەکان )، لە ڕێگەی تۆڕی (زووم) بۆ میدیاکارانی کوردستان رێکخست، کە ژمارەیەکی زۆر لە میدیاکار و مامۆستایان و شارەزایانی بواری میدیا تیایدا بەشداربوون.

 

لە کۆنفڕانسەکەدا میدیاکاران باسیان لە دۆخی میدیا لە پارچەکانی کوردستاندا، رۆڵی مدیا لە بەرجەستەکردنی دۆزی کوردستاندا، رۆڵی میدیا لە دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگەدا، دەرفەت و ئاستەنگەکانی بەردەم میدیایەکی نەتەوەیی و نیشتمانی کرد.

 

هاوکات بەگشتیی بەشداربووان کۆک بوون لەسەر:

1.  هەوڵ بۆ درووستکردنی پلاتفۆڕێک، سەکۆیەک یان تۆڕێکی میدیایی کوردستانی بدرێت کە میدیاکاران بتوانن سوود لە ئەزموونەکانی یەکتر وەربگرن. هەمانکات لە سەرپرسە هاوبەشەکانی کوردستان پێکەوە کاربکەن.

 

2. ناوەندێکی توێژینەوەی راگەیاندن درووستبکرێت. کە کار لەسەر ئەرکی میدیا و بوارو کەنەاڵە جیاوازەکانی راگەیاندن بکات.

 

3. میدیای سەربەخۆ پشتگیریی بکرێت و بەهێزبکرێت. بۆئەوەی بتوانێ لە ئاستی دنیادا دۆزی کوردستان فراوانتر بەرجەستە بکات. هەروەها بتوانێ لەسەر پرسە ناوخۆییەکان ئازادانە کار بکات.

 

4. پێویستە كاری رۆژنامەوانی پیشەیی و بابەتی بێت، رۆژنامەوان و دەزگاکانی راگەیاندن ئیتیك و پرەنسیپەكانی رۆژنامەوانی پەیڕەو بکەن.

5. سەدان میدیاکاری کورد لە زیندانەکانی تورکیادان. هەروەها لە ئێرانیش بەردەوام رۆژنامەوانان دەستگیرئەکرێن. کۆنفراس ئیدانەی دەستگیرکردنی رۆژنامەوانان ئەکات. داوائەکات بە زووترین کات ئازاد بکرێن. 

 

6. لەژێر دەسەڵاتی خۆماڵیشیدا، بەتایبەتیش لە باشووری کوردستان، گرتن و زەبروزەنگ و ئاستەنگی زۆر بەرامەبەر میدیاکارن بەکاردێت، کۆنفراس داوائەکات کۆتایی بە هەموو ئەو رەفتارانە دژی رۆژنامەوانان بهێنرێت و ئەو میدیاکارانەی دەستگییر کراون ئازاد بکرێن.

 

7. بۆ ئەوەی میدیاکاران بابەتیانەو زانستیانە پرس و رووداوەکان رووماڵ بکەن، پێویستە، دەسەڵات و دەزگاکانی بەڕیوەبردن زانیاری پێوست بخەنە بەردەستیان.

 

8. میدیاکارانی کورد زیاتر تیشک بخەنە سەر ئەو شوێن و کایانەی هێرشی زیاتریان لەسەرە. ئەگەر هێرشی سەربازی و داگیرکاریی و کۆمەڵکوژیی بێت، یان هێرش بێت بۆسەر ماف و ئازادیی و داواکارییەکانی  خەڵک و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بێتبێت. 

 

9. لاسایی نەکردنەوە دەزگا راگەیاندنەکانی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان، ئەرکێکی گرنگی میدیاکارانی کورستان بێت.

 

10. لە پرۆسەی دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگادا، پێویستە زمانی راگەیاندن دووربێت لە بەکارهێنانی دەستەواژە و گوتاری پیاوسالاری.  

 

11. هەوڵبدرێت بەپێ و پێویست زمان و دەستەواژەی هاوبەش بۆ رووداو لێکەوتەکانی بەکاربهێنرێت. هەروەها پێویستە زمانی رۆژنەموانی دووربێت لە بەکارهێنانی دەستەواژەی نەژادپەرستیی.

 

12. هەڵبدرێت بەلای کەمەوە سالانە کۆنفرانسێکی میدیاکان لەم چەشنە بکرێت.

 

13. بۆئەوەی بەهۆی  بڵاوکردنەوەی زانیاری ناتەواو و جیاوازەوە کێشە ناوخۆییەکان پەرەنەستێنن، لانە کوردستانییەکان لە تەنگژەو ناکۆکیەکاندا راوێژ لەگەڵ میدیاکاران بکەن.

 

14. یاسا بەركارەكانی رۆژنامەوانی لە هەرێمی كوردستان جێبەجێبكرێن و هەمواركردنەوەیان بۆ ئەنجامنەدرێت، هاوكات رێگری بكرێت لەهەر یاسایەكی نوێی رۆژنامەوانی و تایبەت بە سۆشیال میدیا كە پرەنسیپەكانی ئازادی رادەربڕین و مافەكانی مرۆڤ پێشێل ئەكات.

 

15. دەزگاكانی راگەیندن ببنە هۆكاری لێكنزیك كردنەوەی كوردانی پارچەكان و هەوڵبدەن ئەو جیاكارییەی هەیە هەوڵ بدەن نەیهێڵن.  هەروەها دووربن لەوەی بکەونە ناو پڕۆژەی وڵاتانی دەوروبەر و هێزە دەرەکییەکان.

16. پێویستە راگەیاندکاران لە بەرەی ئاشتی و دیالۆگدا بن و نەبنە بەشێک لە شەڕی لایەنەکان.



AM:10:36:18/01/2021