لە دوو هەفتەدا ٢٠ ژنی رۆژهەڵات دەستگیرکراون‌و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە



لە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتەدا ٢٠ ژنی کورد لە شارە جۆراوجۆرەکانی رۆژهەڵاتەی کوردستان دەستگیرکراون، یان بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەکان کراون و لێپرسینەوەیان لەگەڵ ئەنجام دراوە.


رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویکردەوە" لەگەڵ دەستپێکی شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیانی کورد کە ٢٠ی بەفرانبار (٩ی ژانویە) دەستی پێکردوە، لانیکەم ٩ ژنی کورد لە شارەکانی کرماشان، بانه، نەغەدە، بۆکان و مەهاباد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون."


بەپێی ڕاپۆرتی ئەو رێکخراوە، سێ کەس لەو ژنانە بە ناوەکانی ( نازەنین ئەتابەکی و نەسرین یەزدانی پوور) خەڵکی کرماشان و ( تەرانە محەمەدی خەڵکی بانە) هەمان ڕۆژی دەستبەسەر کران ئازاد کراون و پێنج ژنی دیکە هێشتا دەستبەسەرن.


 ( دەریان تاڵبانی و ئەسرین محەمەدی خەڵکی مەهاباد و عەزیمە ناسری خەڵکی بۆکان ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانبار (٩ی ژانویە) لە شارەکانی مەهاباد، تاران و بۆکان دەستبەسەر کراون و ئێستا لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای ئورمیە ڕاگیراون و پەیوەندی کورتیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان گرتووە.( وەک هەنگاو رایگەیاندووە).


ئەو رێکخراوە دەشڵێت " تا ئێستا چارەنووسی گەلاوێژ عەبدوڵڵاهی خەڵکی نەغەدە، فەریبا ئەحمەدی و ڕۆژین محەمەدپوور خەڵکی بۆکان کە ٢٤ی بەفرانبار و ٣٠ بەفرانبار دەستبەسەر کراون نادیاره".


هەنگاو، زانیویەتی کە لە ماوەی دوو حەوتووی ڕابردوودا لانیکەم ١١ چالاکی ژن لە شارەکانی کرماشان، مەریوان، بۆکان و مەهاباد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بانگ کراون و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە.


ئەو رێکخراوە ناوی ئەو کەسانەی بڵاوکردۆتەوە کە دەستبەسەرکراون:
١_ دەریا تاڵبانی خەڵکی مەهاباد ڕێکەوتی ٢٠ی بەفرانبار لە مەهاباد دەستبەسەر کرا.
٢_ ئەسری محەمەدی خەڵکی مەهاباد ڕێکەوتی ٢٠ی بەفرانبار لە مەهاباد دەستبەسەر کرا.
٣_ عەزیمە ناسری خەڵکی بۆکان ڕێکەوتی ٢٠ی بەفرانبار لە بۆکان دەستبەسەر کرا.
٤_ تەرانە محەمەدی خەڵکی بانه ڕێکەوتی ٢٢ی بەفرانبار لە بانه دەستبەسەر کرا.
٥_ گەلاوێژ عەبدوڵلاهی خەڵکی نەغەدە ڕێکەوتی ٢٤ی بەفرانبار لە نەغەدە دەستبەسەر کرا.
٦_ نازەنین ئەتابەکی خەڵکی کرماشان ڕێکەوتی ٢٧ی بەفرانبار لە کرماشان دەستبەسەر کرا.
٧_ نەسرین یەزدانی پوور خەڵکی کرماشان ڕێکەوتی ٢٧ی بەفرانبار لە کرماشان دەستبەسەر کرا.
٨_ فەریبا ئەحمەدی خەڵکی بۆکان ڕێکەوتی ٣٠ی بەفرانبار لە بۆکان دەستبەسەر کرا.
٩_ فەریبا ئەحمەدی خەڵکی بۆکان ڕێکەوتی ٣٠ی بەفرانبار لە بۆکان دەستبەسەر کرا.
 


PM:01:40:22/01/2021