زانیاری نوێ لەبارەی پشکی هەرێم لە پڕۆژەیاسایی بودجەی عێراق

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت" بڕیارە ئەم ھەفتەیە پەرلەمانی عێراق بگاتە ئەو ماددانەی كە باس لە پشكی ھەرێمی كوردستان دەكەن، ئەوانیش ماددەكانی ١٠ و ١١ن و "ھەموو ھەوڵێكیش دەدەین، كە پشكی ھەرێمی كوردستان پارێزراو بێت".

د. ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەکەی ڕاگەیاند" ئەم ھەفتەیەوە دەست بە گفتوگۆكردن لەبارەی پشكی ھەرێمی كوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەدا دەكرێت و زۆر باشیش خۆمان ئامادە كردووە وەكو فراكسیۆنە كوردییەكان و، ھەموو ھەوڵێك دەدەین كە پشكی ھەرێم و مافەكانی لە پڕۆژەیاسای بودجەدا پارێزراو بێت".

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق وتیشی" ھەندێك گفتوگۆی سەرەتایی دەستیان پێكردووە، بەڵام گفتوگۆی جیددی بۆ دوایی پاش خراوە، بۆیە ئەم ھەفتەیە گفتوگۆی جیددی دەكرێت و لیژنەی دارایی و لایەنەكانیش پشتگیری لە مافەكانی كورد دەكەن".

باسی لەوەش كرد، لە پڕۆژەیاسای بودجەدا دوو ماددە باس لە مافەكانی ھەرێمی كوردستان دەكەن، ئەوانیش ماددەكانی١٠و١١ن و ھەوڵ دەدەین ئەو ماددانە دەستكارییان نەكرێت و وەكو خۆی تێپەڕ بێت و پارێزراو بن.

PM:03:22:23/01/2021