لەبارەی پشکی هەرێمەوە دڵنیایی دەدرێت

بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دڵنیانیی دەدات لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان کە لە بودجەی ٢٠٢١دا ، جێگیردەکرێت. 
  


لە بەرنامەیەکی تەلفزیۆنی، د. ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، " گفوگۆکانیان لە لیژنەی دارایی لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە بەردەوامە و بڕیارە سبەینێ لەگەڵ شاندێکی حکومەتی هەرێم لەوبارەیەوە کۆببنەوە."  




لە درێژەی قسەکانیدا دەشڵێت "پێشتر لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق کۆبوونەوە و قسەکانی لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان و ڕێککەوتنەکان جێگەی ئومێد بوون و دۆخێکیان لە لیژنەی دارایی دروستکردووە کە گەشبینن بەوەی پشکی هەرێمی کوردستان تێدەپەڕێت، بەتایبەت کە سبەینێش لەگەڵ شاندێکی هەرێم کۆدەبنەوە".
  

  
بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق باسی لەوەشکرد، ئەگەر بەوشێوەیە پشکی هەرێم لە بودجە تێپەڕێت، هەرێمی کوردستان هیچ کێشەیەکی دارایی نامێنێت و لەگەڵ داهاتی ناوخۆ دەتوانێت بەتەواوی و 30 ڕۆژ جارێک مووچەی فەرمانبەران بدات.  

 

 
بڕیارە لە بەیانی یەک شەممەوە دەستبکرێت بەو مادانەی لە پرۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢١ ی عێراق کە تایبەتە بە پشکی هەرێمی کوردستان و سبەی وەفدێکی هەرێم دەگاتە بەغدا.

 


PM:11:58:23/01/2021