بەغدا داوای هەموو دۆسیەی نەوت دەکات
وەفدی هەرێم دەگەڕێتەوە بۆ هەولێر



لیستە گەورەکانی پەرلەمانی عێراق داوا دەکەن سەرجەم دۆسیەی نەوتی هەرێم رادەستی بەغدا بکرێت، هەر ئەمڕۆ وەفدەکەی هەرێم دەگەڕێتەوە هەولێر و بڕیارە لە دوو رۆژی داهاتوودا جارێکی تر سەردانی بەغدا بکاتەوە.

 
پێناچێت دانوستانی ئەمجارەی وەفدی هەرێم هیچی لێ سەوزبێت لەبەر جیاوازی بیروبۆچوونی لیستە گەورەکانی پەرلەمانی عێراق و وەفدی کوردی، ئاراستەی زاڵ لەنێو پەرلەمان داوای سەرجەم دۆسیەی نەوتی هەرێم دەکەن، بەرامبەر ئەوە هەرێم بەپێی ئەو لێکتێگەیشتنەی پێشتر لەگەڵ کابینەکەی کازمی کردوویەتی، ئامادەیە داهاتی فرۆشتنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم رادەستی بەغدا بکات بەرامبەر ئەو پشکەی هەرێم کە لەپرۆژەی بودجەی ساڵی ٢٠٢١ ی پەرلەمانی عێراقدا هاتووەو بڕەکەی ساڵەکە نزیکی ١٣ ترلیۆن دیناری عێراقیە.

 
ئەمڕۆ لە دوای کۆبوونەوەی وەفدی هەرێم لەگەڵ جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، حەسەن کەعبی لە راگەیاندراوێکدا داوایکرد،گفتۆگۆکانی تایبەت بەبودجەی ٢٠٢١ دوور بخرێتەوە لە هەر ململانێیەکی سیاسی و بە پێویستی زانی ، چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ پرسی پەیوەندییە داراییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر بدۆزرێتەوە".  



هەروەها لەو راگەیاندنەدا هاتووە " شاندی هەرێمی کوردستان کەتاڵەبانی سەرۆکایەتی دەکات، بەبایەخەوە ئامادەیی خۆی نێشانداوە بۆ دابینکردنی هەموو داتاو وردەکارییە دارایییەکان و ئەو خشتە ژمێریارییانەی کەپەیوەندییان بەهەناردەکردنی نەوتەوە هەیە لە هەرێم، ئەوەش بەمەبەستی  گەیشتن بە چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ کێشە دارییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر".

  

ئەمشەو وەفدی هەرێم دەگڕێتەوە هەولێر بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرۆکی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان، بڕیارە بۆ دوا گۆڕی گفتوگۆ دوای دوو رۆژ سەردانی بەغدا بکەنەوە.

 


PM:08:27:27/01/2021