ئەو دەنگانە لەزیادبووندایە داوا دەکەن ئەگەر هەرێم‌و بەغدا رێکنکەون پارێزگاکان ئازادبن لەمامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا

ئەندامێکی لیژنەی پارێزگای سلێمانی داوا دەکات " ئەگەر حکومەتی ھەرێم و فیدڕاڵ نەگەشتنە ڕێککەوتن ئەوا پارێزگاکان سەرپشکن لە ڕادەستکردنی داھاتە فیدڕاڵیەکان بە حکومەتی بەغدا".

 
دوای ئەوەی ژمارەیەک لە فراکسیۆنی هیوا لەپەرلەمانی عێراق چەندینجار رایانگەیاندووە: ئەگەر هەرێم و بەغدا رێکنەکەوتن هەر پارێزگایەکی هەرێم ئازادبێت لەگەڵ بەغدا رێکبکەوێت و مووچەی پارێزگاکەی دابین بکات، ئەمڕۆ رێکەوت زەکی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا دەڵێت " پێویستە ئەنجومەنی پارێزگاکان بیر لەژیانی خەڵکەکەیان بکەنەوەو بەئەرکی نوێنەرایەتی خۆیان جێبەجێبکەن لەپێناو ڕزگار کردنی مووچە خۆران لەو چارەنوسە ناڕونە".


ئەو ئەندام ئەنجومەنەی یەکێتی دەشڵێت " لەم ھەلومەرجەدا دەبێت داوا لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەتایبەت لیژنەی دارایی بکەن کە بڕگەیەک جێگیر بکەن ئەگەر حکومەتی ھەرێم و فیدڕاڵ نەگەشتنە ڕێککەوتن ئەوا پارێزگاکان سەرپشکن لە ڕادەستکردنی داھاتە فیدڕاڵیەکان بە حکومەتی بەغدا بەمەرجی وەرگرتنی شایستەی دارایی موچە خۆران و پارێزگاکانیان".

 
رێکەوت زەکی دەشڵێت " ئەگەر حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش ئەمە بە خەتەر دەزانێت با مەلەفی نەوت ڕادەستی بەغدا بکات و خۆی فریای ژیانی موچە خۆران بکەوێت".

 
ئەو لێدوانە لە کاتێکدایە کە لە هەفتەی داهاتوودا پرۆژە یاسایی بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ لە پەرلەمانی عێراق پەسەند دەکرێت و ئەگەر لەم هەفتەیدا وەفدی هەرێم و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەسەر پشکی هەرێم و رادەستکردنی نەوت رێکنەکەون، دۆخی هەرێمی کوردستان دەچێتە قۆناغێکی نوێ و دژوارەوە.

 


PM:08:32:28/01/2021