چەند رۆژێکە تووشبوون بە کۆرۆنا لە عێراق لە بەرزبوونەوەدایەو بەرزبۆتەوە بۆ ٦٠٠ حاڵەت لە رۆژێکدا و لەو ژمارەیەشدا نەوەستاوەو بەرزبۆتەوە بۆ زیاتر لە ٩٠٠ تووشبوو، وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق هۆشداری لە شەپۆلی دووەم دەدات.
وەزارەتی تەندروستی لە راگەیاندراوێکدا هاوڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە کە پابەندبن بە بڕیار و رێنوماییە تەندروستییەکانەوە، جەختیش لەوە دەکاتەوە کە جێگای داخە هاوڵاتیان پابەند نابن، لە کاتێکدا لەسەرتاسەری جیهاندا مرۆڤایەتی بەدەست جۆرە گۆڕاوە بەریتانی و ئەفریقیەکەی کۆرۆناوە دەناڵێنێت کە مەترسیدارتر و کوشندەترە.
لە راگەیاندنەکەدا باس لەوە دەکرێت کە دوو هەفتەیە توووشبوون بەکۆرۆنا لە عێراق لە بەرزبوونەوەدایە و ئەمەش مەترسی پێشەکی سەرهەڵدانی شەپۆلی دووەم نیشان دەدات.
وەزارەتی تەندروستی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە بەرزبوونەوەی ژمارەی زیاتری تووشبوون و گیان لەدەستدان، ناچاریان دەکاتەوە ئەگەر وابڕوات هاتوچۆ راگرن.
وەزارەت داوای بەستنی کەمامەو دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتیی دەکات و پابەند بوون بەهەموو رێنوماییە تەندروستییەکانەوە لە هاوڵاتیان دەخوازێت.