هۆشیار عەبدوڵا: هەرێم دەیەوێت دوای یاساکە بڵێن پارەی ۲٥٠ هەزار بەرمیلمان لێببڕن‌و باقیەکەمان بۆ بنێرن

 ئەندامی پەرلەمانی فراکسیۆنی هیوا، هۆشیار عەبدوڵا دەڵێت"  هەرێم دەیانەوێ دوای یاساکە بڵێن پارەی ۲٥٠ هەزار بەرمیل چەند دەکات لێمان ببڕن و باقیەکەمان بۆ بنێرن، هێزە عێراقییەکان ڕون و ڕاشکاو دەیانجار گوتویانە بەمە رازی نابین".

 
هۆشیار عەبدوڵا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک کە بەناونیشانی " ئایا هەرێم بە فیعلی ئامادەیە بەشێکی نەوت یان داهاتەکەی رادەست بکا؟!" نووسیوویەتی" وەفدی هەرێم لە گفتوگۆکانیاندا پێش پەسەندکردنی یاسای موازەنە هەمو ساڵێک لە ۲٠۱٥ ەوە، وتویانە نەوت ئەدەین و دوای پەسەندکردنی یاساکە نەیانداوە. ئەمسالیش هەمان نیەتیان هەیە، ئەوانەی دەڵێن هەرێم بەهانەی بەغدای بڕیوە قسەیەکی دروست ناکەن".

 
وردەکاری زیاتر رای هەرێم ئاشکرا دەکات و دەڵێت" عێراقیش ئێستا وەک ساڵانی نێوان ۲٠۱٥ بۆ ۲٠۱۹ نەماوە و بەهانەی نوێی سیاسی هەن بە تایبەت بە هۆی نزیکی هەڵبژاردنەکان و بەرزبونەوەی گوتاری شەعبەوی مەزهەبی گائیفی هاوشیوەی هەمان گوتاری شەعبەوی قەومی ئێرە، ڕون و ئاشکرا لە دانیشتنەکاندا بە وەفدی هەرێم و ئێمەش دەڵێن سالی ۲٠۱۹ ش وەک ئێستا وەعدتان دا نەوت رادەست دەکەین و نەتانکرد".


هۆشیار عەبدوڵا دەشڵێت " بەرپرسانی باڵای حکومەتی هەرێم نایشارنەوە کە مەبەستیان لەوەی کە دەڵێن ئیلتیزام دەکەین و داهات دەگێرینەوە هەمان شیوەی ۲٠۱۹ یە، دەیانەوێ دوای یاساکە بڵێن پارەی ۲٥٠ هەزار بەرمیل چەند دەکات لێمان ببڕن و باقیەکەمان بۆ بنێرن، هێزە عێراقییەکان ڕون و ڕاشکاو دەیانجار گوتویانە بەمە رازی نابین".

 
لە کۆتاییدا دەڵێت "ئەوانەی بە نەوت خۆیان بەسەر هەرێمدا سەپاندوە ئامادەنین لە چوارچیوەی دەستوریشدا رێکەوتن لەسەر نەوت بکەن و خەریکی درێژەدانن بەهامان ئەو یاریەی کە لە ساڵی ۲٠۱٥ ەوە خەریکین، تاکەی دەتوانن ئەم یارییە بەردەوام بن وەڵامەکەی لای خەڵکی هەرێم و گۆرانکارییە خێراکانی ناوچەکەیە".




PM:12:14:29/01/2021