بەناوبانگترین پێشکەشکاری NRT وازهێنانی خۆی ڕاگەیاند

دەروون گێژەن پێشکەشکاری دیاری ئێن ئاڕ تی دوو دواجار دوای دوو مانگ وازهێنانی، بە فەرمی خۆی ڕایگەیاند کە دەستی لە کارکردن لەو کەناڵە کێشاوەتەوە.

پاش ئەوەی بەر لە دوو مانگ ماڵپەڕی سپی میدیا بۆ یەکەمجار ئاشکرایکرد کە دەروون گێژەن بەهۆی بوونی کێشەوە لەگەڵ بەشێک لە بەڕێوەبەرانی نوێی کەناڵی ئێن ئاڕ تی دوو وازی هێناوە، لە میانەی ڕوونکردنەوەیەکدا کە لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئەمڕۆ بڵاویکردووەتەوە نوسیویەتی "بە پێویستم نەزانی ئەمە بنووسم لە کاتی خۆیدا بەڵام ھەواڵپرسین و پەیوەندیەکانتان لەبارەی کارکردنم لە ئین ئارتی دوو وای کرد وەڵامێکی فەرمیم ھەبێت، پێشەکی ئەمەوێت ئەوە بڵێم سروشتی من وایە قەت ھیچ کارێکم بە ناخۆشی بەجێنەھێشتووە بەڵام لە کاتێک دا کە زانیومە ئیتر ناتوانم لەوەی کردوومە زیاتر بکەم لەو جێگەیە ئیتر بە ھەر ھۆکارێک بێت بە خۆشەویستی و رێزەوە ماڵاوایم کردووە، پێش دوو مانگ لەمەوبەر پلانی پێشکەشکردنی وەرزێکی نوێ ھاتە ئاراوە لەم کەناڵە ئازیزەی کە بەندە دەستەی دامەزرێنەر و ماوەی سێ ساڵیش وەک بەرێوبەر کارم تێدا کرد، من بۆ بۆ ئەم وەرزە نوێیەی کە پلانی کەناڵەکەبوو بەشدار نەبووم و، وە ماوەی کارکردنم وەستاند لەم کەناڵە جا بە ھەر ھۆکارێک بێت، ھیوادارم ھاورێیانم رێرەوی کەناڵەکە بەرەو جوانتر ببەن کە دڵنیام لەوە"

هەروەها نوسیویەتی بە پێویستیشی دەزانم زۆر سوپاسی ھاورێ ئازیز و خاوەنی پرۆژەکەش کاک( شاسوار عەبدولواحید) بکەم کە بەراسی جگە لە پشتیوانییە داراییەکە پشتیوانێکی مەعنەوی بووە بۆم و زۆریشی لێوە فێربووم و ھاوکارێکی باشمان بووە لە ماوەی کارکردنماندا پێکەوە، وە زۆر سوپاسی سەرۆکی دامەزراوەیی میدیایی نالیا کاک (توانا عوسمان) دەکەم کە بەراستی خۆم بە قەرزاری دەزانم و کەم کار ھەبووە راوێژم پێنەکردبێت و کاریگەری زۆر باشیشی نەبووبێت، وە سوپاسی ئەو کارمەندە ئێجگار دڵسوزانەی ئێن ئارتی دوو دەکەم کە پێشمەرگانە کار دەکەن بۆ پێشکەشکردنی کاری جوان کە ھەریەکێکیان ھێزێکی گەورەن بۆ کەناڵەکە، وە ھیوای باشی تەندروستی بۆ (فەرھاد عەتا) دەکەم کە سێیەم کارمەندی ئین ئارتی دوو بوو دوای خۆم و سەنگەر عەبدوڵا بەرێزیان دەستیانکرد بەکارکردن کرد کە بەداخەوە ماوەی ساڵێکە باری تەندروستی باش نیە و ناتوانێت کاربکات، وە ھیوادارم بینەرانی ئێن ئارتی دوو لە کەموکوریم ببورن بۆ ئەو کارانەی لە ماوەی رابردوودا پێشکەشم کردوون، لە کۆتاییدا وەک ھەمیشە وتومە دووبارەی دەکەمەوە (بە پشتیوانی و پشتگیری ئێوە بەردەوام دەبین) لە وێستگەیەکی تردا. دووبارە سوپاسی لێپرسینەوەتان دەکەم".

دەروون گێژەن ئەکتەر و یەکێک لە دامەزرێنەرانی کەناڵی NRT2ە و وەک پێشکەشکاری بەرنامەی شەقام لەو کەناڵە ناوبانگێکی زۆری بەدەستهێنا و دواین کاریشی لەو کەناڵە دەرهێنان بوو بۆ بەرنامەی هەنگاوی یەکەم کە لەلایەن خاوەنی کەناڵەکەوە، شاسوار عەبدولواحیدەوە پێشکەشدەکرا.



PM:06:10:04/06/2017