یانەیەکی گەورەی ئەوروپی داوا لە ڕۆناڵدۆ دەکات لە چامپیۆنزلیگ یاری بکات

ڕۆژنامەی بیڵد بڵاویکردەوە، چابی ئەلۆنسۆی ڕاهێنەری ئیسپانی، ڕاهێنەری یانەی بایەر لیڤەرکوزن داوای لە ئیدارەی یانەکەی کردوە، کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی لە یانەی نەسری سعودیەوە بگوازنەوە.

 ڕۆناڵدۆ ئەوروپای بەجێهێشت و لە ڕێگەی یانەی نەسرەوە پەیوەندی بە خولی سعودیەوە کرد، لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٣.

 ڕۆناڵدۆ لە ئێستادا لەگەڵ یانەی نەسر دەدرەوشێتەوە و گۆڵکاری خولی سعودیە، بەڵام تیپەکەی بە 12 خاڵ لە یانەی هیلال دوورە کە پێشەنگی ڕیزبەندی خولی سعودییە.

 ئەگەر ڕۆناڵدۆ بچێتە بایەر لیڤەرکوزن، ئەوا ئەستێرە پورتوگالییەکە وەرزی داهاتوو بەشداری چامپیۆنزلیگ دەکات.

 یانەی بایەر لیڤەرکوزن گەرەنتی بەشداریکردنی لە چامپیۆنزلیگدا کردووە، لە چەند کاتژمێرێک لەمەودوا ئەگەری هەیە بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا نازناوی خولی ئەڵمانی بەدەستبهێنێت.

 ڕۆناڵدۆی تەمەن 39 ساڵ، گۆڵکاری هەموو کاتەکانی چامپیۆنزلیگە، لە 183 یاریدا 140 گۆڵی تۆمارکردووە، هاوکات 48 گۆڵیشی دروستکردووە.

 ماڵپەڕی بیڵد بڵاویکردووەتەوە، ئەلۆنسۆ لە ئێستاوە پلانی هەیە بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو تیپەکەی باشتر بکات، بەتایبەتی لەڕووی ئەزموونەوە، بۆیە ئەلۆنسۆ، هاوڕێی پێشووی ڕۆناڵدۆ داوای لە ئیدارەی بایەر لیڤەرکوزن کردووە، گرێبەست لەگەڵ دۆن واژۆ بکەن، کە گرێبەستی لەگەڵ یانەی ناسر تا مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٥ هەیە.

 ئەلۆنسۆ لە نێوان ساڵانی 2009 بۆ 2014 شانبەشانی ڕۆناڵدۆ لە یانەی ڕیال مەدرید یاری کردووە.

 بیڵد ڕونیشیکردەوە، ڕۆناڵدۆ لەبەردەم دەرفەتێکی گەورەدایە کە ڕەنگە ناوبانگی بایەر لیڤەرکوزن زیاد بکات و بگەڕێتەوە بۆ یاریکردن لە ئەوروپا، بەڵام ڕۆناڵدۆ دەبێت قوربانی بدات سەبارەت بە مووچەکەی.




PM:06:07:14/04/2024