کوبانی و گەڕانەوە بۆ مرۆڤی سروشتی

بەختیار عەلی


کوبانی دووبارە ئێمەی وەک قوربانی هێنایەوە سەر شانۆی مێژوو. ڕۆڵی قوربانی ڕۆڵێکی دێرینی ئێمەیە، ڕۆڵێک کە هەم خۆمان بە خۆشییەوە قەبووڵی دەکەین و دووبارەیدەکەینەوە، هەم ئەو وێنە هەمیشەییەشە کە جیهان هەیەتی لەسەرمان. هەموو چەند ساڵ جارێک، ئێمەی کورد، وەک قوربانییەکی جیهانی، وەک مەسیحێکی یۆنفیرسال دەبین بە بابەتی قسە و باس. لە سیستمی جیهانی و سیستمی خۆرهەڵاتیدا، مەخلوقات و میللەتان و بوونەوەران بەسەر دوو دەستەدا دابەشبوون، ئەوانەی کە ژیانێکی هەمیشەیی و ئەبەدیی و زامنیان هەیە، لەگەڵ میللەتانێکدا کە دەبێت هەمیشە لە ژێر هەڕەشەی لە ناوچووندا بن. دەستەیەک مانای خۆیان لە قڕانکردنی ئەوانی دیدا دەدۆزنەوە، لەگەڵ دەستەیەک کە وەک قوربانی ئەبەدی، وەک سەربڕاوێکی هەمیشەیی لە سوڕێکی دووبارەدا دێنەوە سەر شانۆ، میللەتانێک کە وادەردەکەون، یان وا وێنادەکرێن و دەخرێنە پێش چاوان وەک هەمیشە پێویستیان بە پارێزگاریی هەبێت، بۆئەوەی بژین و بمێننەوە. لە ڕاستیدا، سەرهەڵدانی نەتەوە و گروهی لەو جۆرە کە بەردەوام پێویستیان بە پاراستن هەیە، دیاردەیەکی نوێیە... ئەوە بۆ یەکەمجارە لە مێژوودا بەر جۆرە دیاردەیەکی وا دەکەوین، لە بەردەم جۆرێکی تایبەتیداین لە بوون، بوونێکی هەڵواسراو، ژیانێک بەردەوام مانەوەی لە ژێر پرسیاردایە، ژیانێک کە دڵۆپ دڵۆپ ڕۆژانە دەبەخشرێت و نوێدەکرێتەوە، بوونێک تەنیا بە هۆی پاراستنەوە دەژی. سەرهەڵدانی ئەمجۆرە نەتەوە تازانە کە بەردەوام بە هەناسەدانی دەستکرد «تنفس صناعي» دەژین، گۆڕانکارییەکی ڕیشەییە لە هاوکێشە هیگڵییەکەدا، وەرگەڕانێکی ئەنتۆلۆژیی گەورەیە. لە لای هیگڵ هاوکێشەی ئاغا و کۆیلە، دۆخێکە تەنیا دوو جەمسەر کۆدەکاتەوە، ئیرادە و هێزی ئاغا دەخاتە بەرامبەر کۆیلە و ترسەکانی، کەسی سێهەم لێرەدا جێگایەکی ڕۆشنی نییە. نرخی ململانێی ئەم دووانە لەوەوە دێت کە ئاماژە بۆ ململانێیەکی سروشتی دەکەن کە هیچ کات لە مێژوودا بە جۆرێکی ساف یان هاوشێوە بە تێزە تیورییەکە بەرچاوناکەوێت، بەڵام هیچ کات لە مێژووشدا بە ئەندازەی ئێستا لایەنی سێهەم لەم دوولانەیەدا گرنگ نەبووە. چیتر هاوکێشەکە، لە نێوان «ئاغا» و «کۆیلە» دا نییە، بەڵکو ئێستا ئەوەی بەشی زۆری گەمەکە دیاریدەکات هێزێکی دیکەیە کە دەمامکی «فریادرەس» یان «پارێزەر» دەکاتە سەری ... سەردەمی نوێ مژدەی جۆرە فریادرەسێکی درۆزنی پێیە کە لاواز و ستەمدیدەکان، بوونی خۆیانی پێوەدەبەستن.


بۆ ڕۆڵی فریادرەس یان پارێزگار وا گرنگ ده‌بێت؟

بە بڕوای من خودی ئەم گرنگییە لە چەند سەرچاوەیەکەوە دێت. هاوکێشەی «ئاغا» و «کۆیلە» ـی هیگڵی لەو جێگایەدا دەوەستێت کە تێیدا کۆیلە دان بە دەسەڵاتی ئاغادا دەنێت و ڕۆڵی خۆی وەک کۆیلە قەبووڵدەکات، لای هیگڵ ئەوەی لە مەرگ ناترسێت دەبێتە ئاغا و ئەوەی لە مەرگ دەترسێت دەبێتە کۆیلە. بەڵام چی دەبێت گەر ئاغا لە جێگای خۆیدا نەوەستا، واتە لە هەلومەرجێکی مادی و دەرونیدا بوو، تەنیا بە کوشتنی ژێردەستەکان هەستی سەرکەوتن و ئاغایەتی تێیدا سەوزبوو. لای هیگڵ مانەوەی ئاغا بە ئاغایی پابەندی مانەوەی کۆیلەیە بە زیندوێتی، مەرگ لای ئاغا تەنیا هەڕەشەیە ، هێزی ئاغا لەسەر هەمان ئەو لۆژیکە ئیشدەکات کە لە چەند وتاری تردا و بە گەڕانەوە بۆ «لومان» ئاماژەم پێدا، «تۆ گەر کۆیلەیی قەبووڵ نەکەیت، دەکرێت من بەجۆرێکی تر ڕەفتار بکەم»... بەڵام چی دەبێت گەر پەیوەندی ئاغا و کۆیلە گۆڕانێکی دراماتیکی بەسەردا هات، چی دەبێت گەر وەرگەڕا بۆ پەیوەندی «جەلاد» و «قوربانی» یاخود گەیشتە پلەیەکی تراژیدیتریش و بوو بە پەیوەندی «قەساب» و «نێچێر». لێرەدا هاوکێشە هیگڵییەکە گۆرانکاری گەورەی بەسەردا دێت. ئاغا لە سیستمی نوێدا، دەتوانێت ئاغا بێت بێئەوەی پێویستی بە دانپیانانی کۆیلە بێت، سیستمی گلۆباڵ لەمڕۆدا جۆرە هیرارشییەتێکی نوێی بەرهەمهێناوە، کە تێیدا ڕێگا بۆ بوون و سەرهەڵدانی جۆرە ئاغایەک خۆشکراوە کە دەتوانێت فەنتازیای جیهانێک بکات بەبێ «ئەویدی»، جیهانێک ئاغا لەسەر سەربڕینی بەردەوام و ڕۆژانەی کۆیلەکانی بژی. لێرەدا ئاغای خۆرهەڵاتی بە پێچەوانەی ئاغای هیگڵی، دەسەڵاتی خۆی لەسەر هەڕەشەیەکی ژێرەوانکێ و نهێنی دانامەزرێنێت، بەڵکو هێزی تەنیا لە تێپەڕاندن و شکاندن و پەڕینەوەدایە لەو هێڵەی کە دەشێت کۆیلە و ئاغا لە نێوان یەکدا کێشابێتیان. داعش زادەی ئەو فەنتازیایەیە لە رادیکالترین شێوەیدا. لای داعش ملکەچی کەسی بەرامبەر بەوە زامن ناکرێت کە سوژدەبەرێت و کۆیلەیی قەبووڵبکات، بەڵکو بەوە زامندەکرێت کە سەری لێ بکرێتەوە. ئاغا بچوکەکان لەم سیستمەدا، چیتر بە کرنوشی ڕۆژانەی کۆیلە، یان ملکەچی و سوژدەبردنی ڕازی نابن، بەڵکو کۆیلە تەنیا وەک مەتریالێکی رۆژانە بۆ جێبەجێکردنی ئەو خەونە تەماشادەکەن، خەونی جیهانێک کە جگە لە خۆیان هیچ شوناسێکی تری تێدا نەبێت.


لە خۆرهەڵاتی ئەمڕۆدا، کۆیلە چیتر ناتوانێت بە کۆیلەبوونی ژیانی خۆی زامنبکات. کۆیلە لەم سیستمە نوێیەدا پلەیەک زیاتر لە سیستمە دێرینەکان هاتۆتە خوارەوە ... لە کەپیتالیزمی تەقلیدیدا، مرۆڤ وەک کۆیلە، وەک کارگەر، وەک بوونەوەرێک کە کورتدەکرێتەوە بۆ ئیشکەرێک تەماشادەکرێت، بەڵام لەمجۆرە بونیادانەی پەراوێزدا کە لەسەر بەرهەمی ئیشی مرۆڤەکان و لەسەر زێدەبایی کار و لەسەر گۆڕینی مرۆڤ بۆ کارگەر و بەرهەمهێن ناژین، مرۆڤە لاوازەکان بەرەو پلەیەکی نزم و حەیوانی دادەبەزن. لە کەپیتالیزمی نەوتدا، کە بەشی هەرە زۆری سەرمایە لە هێزی کارەوە نایەت، شوناسی مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی ئابوری و بەرهەمهێن تەواو دەچێتە دواوە، بۆئەوەی مرۆڤ کورت ببێتەوە بۆ حەیوانێک بە شوناسێکی سیاسییەوە، واتە بۆ بوونەوەرێک بکرێت هەر زوو توڕبدرێت و بێ نرخ تەماشابکرێت، لە کەپیتالیزمی نەوتدا شوناسە پەراوێزییەکان و مرۆڤە دامەننشینەکانی کۆمەڵگا، تەنیا وەک بەشی بەرخۆر و زیادە تەماشادەکرێن، کە وەزیفەیەکی ئۆرگانی گرنگیان بۆ سیستەم نییە، لێرەوە سەیرکردنیان وەک ئاژەڵ، یان وەک نێچیر بەرهەمێکی سروشتی و ئاسایی ناو تێڕوانینی ئایدۆلۆژیی ئەم پێکهاتانەیە. لێرەدا مرۆڤ هیچ نییە جگە لەو نێچیرەی ئاغا بە سەربڕینی، ئاغایەتی خۆی بەرهەمدەهێنێتەوە، ئاغا لەو ساتەدا دەبێتە ئاغا کە سەری بڕاوی کۆیلەکان دەگرێت بە دەستەوە و دەبینێت بۆ بەیانیش نێچیرێکی تری هەیە، سەری بڕاوی بەرزبکاتەوە، ئاغابوون چیتر ئەو لەزەتە نییە کە ئاغا لە جەستەی زیندووی کۆیلە دەیبینێت کاتێک تەواو دەکەوێتە ژێر ڕەحمەتییەوە، بەڵکو ئەو لەزەتەیە کە لە جەستەی مردوی کۆیلە دەیبینێت، کاتێک دەتوانێت وەک زیادەیەک، وەک نامۆیەکی بێ نرخ و قێزەون فڕێیبدات. ئاغای نوێ لەسەر هەڵگرتنی سنووری نێوان ئینسان و ئاژەڵ ئیشدەکات، لەم سیستمەدا ئاغا بچوکەکانی وەک داعش دەتوانن لەگەڵ فەنتازیاکانیاندا زۆر دوور بڕۆن، دەتوانن دڕندەیی ئاغا لە دڕندەییەکی عەقڵانی و سیستماتیکییەوە بگۆڕن بۆ دڕندەبوونێکی غەریزیی و سەرەتایی و بێ سیستم، واتە لە دڕندەیی عەقڵانییەوە کە ڕۆحی کەپیتالیزمی لەسەر بەندە بگوازنەوە بۆ شێوە دڕندەییەکی ناعەقڵانی کە تێیدا توندوتیژی لە بری سروشتە مەکیاجکراوەکەی، دیوە قێزەون و جانەوەرییەکەی دەربکەوێتەوە. داعش بەو مانایە دەبێتە هێزێکی جیهانی ترسناک، کە تێیدا کەپیتالیزم و مۆدێرنە بەر جۆرە فۆرمێکی تایبەتی خۆیان دەکەون کە دڕندەیی شاردراوە و داپۆشراوی ناو سیستمە گشتییەکە بە شێوەیەکی ترسناک بەرجەستەدەکات. داعش ئەو بەشەی ناو سیستمی جیهانییە کە دەبێت بەردەوام حاشای لێ بکرێت و دووربخرێتەوە، واتە پرۆسەیەکی وەک ئەو پرۆسەیەی بەرامبەر پیادەبکرێت کە ژولیا کریستیڤا بە «ئەبجێکشن» و لاکان بە «فڕێدان» ناوی دەبەن. لە قووڵایی کەپیتالیزمدا پرۆسەی بە ئاژەڵکردن «ئەنیمالیزەکردن»ـی مرۆڤ هەمیشە ئامادەبووە، بەڵام لە دوو سەد ساڵی رابوردوودا ئیشی سیستەم جوانکردن و ڕازاندنەوە و چەپاندنی ئەم دیاردانە بووە کە ئەم ڕوخسارە ڕاستییە ئاشکرادەکەن، لە ئاستی سەتحدا جیاکردنەوەی مرۆڤ لە ئاژەڵ بووە بە دینەمۆی بەشی هەرە زۆری پرۆسە ناوەکی و گرنگەکان، دروستکردنی هەر جۆرە لێکچوونێک لە نێوان مرۆڤ و ئاژەڵدا بووە بە تابۆیەکی ترسناک، ئاگامبن یەکێکە لەو فەیلەسوفە کەمانەی لەسەر جەوهەری ئەم جیاکارییە، قسەی کردوە، کە ئەو وەک جیاکارییەکی لاواز و مۆلەق دەیبینێت. هیچ کات لە ناو تێڕوانینی ئەنسرۆپۆلۆژی مرۆڤدا، بە مرۆڤکردن «هیومانیزەکردن»ـی مرۆڤ نەگەیشتۆتە ئەوەی مرۆڤ خەتێکی جیاکەرەوەی ڕوون لە نێوان ڕەگەزی خۆی و ڕەگەزە ئاژەڵییەکانی تردا بکێشێت، هەمیشە بڕێک لەو نیگایە ماوەتەوە کە ئاژەڵ دەشێت مرۆڤەکەی بەرامبەرم بێت. ئەمجۆرە لە ئەنیمالیزەکردنەوەی مرۆڤ، سەیرکردنی مرۆڤ وەک ئاژەڵ، هەمیشە ئەگەری قووڵی گەڕانەوەی هەبووە، بەڵام هیچ کات لە مێژوودا بەوجۆرە نەهاتۆتەوە سەرەوە وەک لە فۆرمی فاشیزمی خۆرهەڵاتیدا دەیبینین. زۆرینەی سیستمەکانی دی لەسەر شاردنەوەی ئەو ئەگەرە ئیشیانکردوە، دەرکەوتنی دەموچاوی سیستم وەک قەساب، هەمیشە چەپێنراوە و خراوەتە ناوەوە و بە ماسکی ئەستوور داپۆشراوە . داعش گەڕانەوە و هاتنە سەرەوەی ئەم چەپێنراوە ترسناکەی مێژووی مرۆڤ و مێژووی سیستمە گلۆباڵەکەیەتی، هاتنە سەرەوەی هێزێک و ئەگەرێکی ناوەکی سیستمە کە لەسەرەتاوە لەسەر بە ئاژەڵکردن و ئەنیمالیزەکردن ئیشیکردوە. بەڵام ئەم بەشە دەبێت بەردەوام بشاردرێتەوە و لە ئیبهامدا کاربکات، دەبێت وەک هەڕەشەیەکی ناوەکی کاربکات. دەسەڵات لە جەوهەردا دەیەوێت لەسەر ئەم هەڕەشەیە ئیشبکات «مەهێڵە ئاژەڵەکەی ناوم بێتەدەرێ» «دەتوانم جانەوەرەکەی گیانمت تێ بەردەم»، بەڵام سیحری ئەم هەڕەشەیە لەوەدایە تەنیا لە دۆخی نائاساییدا دەربکەوێت، بەڵام داعش ئەو پەردەیە دەدڕێنێت و بە زەقی ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت کە ئاگامبن دەستنیشانیدەکات «دۆخی نائاسایی، دۆخی هەمیشەییە». مەترسی داعش بۆسەر سیستم بە گشتی لەوەوە دێت ئەو دیوە نادیار و تەماوی و نەدرکێنراوە بە ڕوونی دەدرکێنێت، ئەو هەڕەشەیە کە دەسەڵاتی لەسەر بەندە، لە ئیبهام دەردەهێنێت و دەیکات بە یاسای کار. واتە تەواوی ئەو دیوە ئەنسرۆپۆلۆژییەی کە سیحری کەپیتالیزم و سیستمی گلۆباڵ و پەیامە گەردونییەکەی لەسەر ڕاوەستاون، بە جۆرێکی تراژیدی لەکاردەخات. لێرەدا هێزی سێهەم کە دێت، هەوڵدەدات هەمان ئەو جانەوەرە جڵەوبکات کە خۆی بەرەڵایکردوە، لەم سیستمەدا مرۆڤێک دروستبووە کە تەنیا لە ڕێگای فریادرەسێکەوە، لە ڕێگای هێزێکی سێهەمەوە، کە لە دەرەوەی دونیای قەساب و قوربانییەوە دێت، دەتوانێت بمێنێتەوە، بوونی ئەم بوونەوەرە لاوازە، ئەم «هۆمۆساکەر» ـە گەردونییە دەکرێت بە بەهانە تا سیستم وێنە کلاسیکییەکەی خۆی بەرهەمبهێنێتەوە، وەک سیستمێکی مرۆڤدۆست کە تێکەڵکردنی ئینسان و ئاژەڵ قەبووڵ ناکات، فریادرەس لە ڕاستیدا بە فریای خۆیەوە دێت، نەوەک بە فریای قوربانییەوە، بە فریای دەمامکی خۆیەوە دێت، نەوەک بە فریای جەستەی نێچیرەکانەوە، لە بەرئەوە درەنگ و زوویی زۆر بۆ گرنگ نییە. بکەری سێهەم هێزێکی ڕزگارکەر نییە، بەڵکو ئەو هێزەیە کە دەیەوێت لە ئاستی گلۆبالدا، خۆی پەیوەندی هەموو ئاغایەک و کۆیلەیەک دیاریبکات، مەنتیقێکی جیهانی دابمەزرێنێت کە تێیدا سەردەست و ژێردەستەکان لە یەکجۆرە کولتوور سوود وەربگرن. ئەمە ئەو هێزە نییە کە کۆیلە دەپارێزێت، بەڵکو ئەو هێزەیە کە بوون و ژیان و شێوەی یاریکردن و نەخشەی دوور و نزیکی قەساب و قوربانییەکان لە یەکتر دەستنیشاندەکات. هێزی سێهەم بۆئەوەی نەهێڵێت ئەوەی سیستم لە ناو خۆیدا چەپاندوێتی بێتەوە سەرەوە، خۆی وەک فریادرەس نیشاندەدات، ژیانی قوربانی یان نێچیر لای ئەو تەنیا تا ئەو جێگایە نرخیان هەیە کە ناهێڵێت سیستم دەموچاوە راستەقینەکەی خۆی ببینێت.


کوبانی بە ڕوونی گوزارشتە لەو راستییە، واتە ئەو ئاوێنەیەیە کە سیستم هەم مێژووی خۆی هەم دەموچاوی ڕاستەقینەی خۆی تێدا دەبینێتەوە. کوبانی جێگایەک نییە وەک ستالینگراد، ڕووداوێک نییە وەک کۆمۆنەی پاریس، بەڵکو شتێکە لە جۆری ئاوشفیتز... شوێنێکە تێیدا حەقیقەتی سیستم، جێگای مرۆڤ، شێوە ڕاستەقینەکانی ڕوانین لە ئینسان بە روونی دەردەکەوێت. بە بروای من مرۆڤ لە کۆبانی، بە تایبەت ئەوانەی لە جەنگی رووبەڕوو بوونەوەدان، بە پێچەوانەی هەندێک بانگەشە و ناونانەوە، نوێنەرایەتی جیهان ناکەن لە شەڕی دژ بە تیرۆردا، ئەوە خراپترین ناونانێکە مرۆڤ لە جەنگاوەرانی کوبانی بنێت. ئەوان جەنگێکی راستەقینەی ئینسانی و سروشتی دەبەنەرێوە، جوانیان لەوەدایە کە بەرگری لە ژیانی ڕووت دەکەن، ژیانێک کە نرخ و مانای دەکەوێتە پێش هەر شوناسێک. واتە کەسانێکن کە ناکرێن بە سەمبولی ئایدۆلۆژی، بەڵکو سەمبولی ستاتیکین بۆ ژیان ... لە کوبانی ئینسان سەرەتاییترین شەڕی خۆی دەکات، شەڕی ئەوەی نەکرێتەوە بە ئاژەڵ، شەڕی ئەوەی بێ مەرج زیندووبێت، شەڕی ئەوەی نەبێت بە بابەت و ئوبێکتی غەریزەی ئەویتر، شەڕ لێرەدا بۆ گۆڕینی دونیا نییە، بەڵکو بۆ پاراستنی خودە، بۆ دەرهێنانی خودی ژیانە لە شێواندنە گەورەکان دەستێوەردانە سیاسییە قێزەون و ڕۆژانەکان... دڕندەیی جەنگەکە لەوەدایە کە گێڕانەوەی مرۆڤە بۆ هەلومەرجیک مرۆڤ جگە لە ژیانی خۆی ناتوانێت هیچی تر دەربازبکات. بەڵام لێرەدا مانەوە بە زیندوویی بەهایەکی قووڵی هەیە، داعشییەکان لەوانەیە لە مردن نەترسن، بەڵام بێگومان لە هەموو بوونەوەرێکی جەنگاوەری زیندوو دەترسن. ئەو ترسە تەنیا ترسی داعش نییە، بەڵکو ترسی کۆی سیستمەکەیە کە دەشێت تێیدا مرۆڤ لە ساتێک لە ساتەکاندا بەهای ڕاستەقینەی ژیانی خۆی بدۆزێتەوە، ئەو ئیرادەیە بدۆزێتەوە کە کۆمەکیبکات لە ژێر هەر جۆرە سەقفێکی پاراستن بێتەدەرێ، لە شەڕی کوبانیدا تەنیا قەساب «ئاغای کۆن» ناچێتە ژێر پرسیار، بەڵکو فریادرەس و بەهاکانی بە توندی دەکەونە ژێر پرسیار. سیستم لێرەدا کۆنترۆڵی بەسەر دڕندەکانی خۆیدا «واتە داعش» نامێنێت، تینوێتی ئامێرەکانی سیستەم لێرەدا لەوە دەردەچێت، ملکەچی عەقڵانییەتێکی دیاریکراو بێت، کۆنترۆڵکردنی سیستم لە ڕێگای نەزمێکی گشتییەوە بەر دواهەمین سنوورەکانی خۆی دەکەوێت. ئەوەی لە کوبانی دێتەوە سەر شانۆ، ئینسانە کە دەتوانێت تەنیا بە ئیرادەی ڕووتی خۆی، بەدەستی رووتی خۆی، بە هێزی بچوکی خۆی، بێئەوەی چاوەڕوانی هیچ فریادرەسێک بێت، بەرەنگار ببێتەوە. ئەمجۆرە لە بەرگری گێڕانەوەی بەرگرییە بۆ مانا سروشتییەکەی بەر لەوەی ئایدۆلۆژیاکان بیکەنە کەرەستەی تایبەتی خۆیان و بیگۆڕن بۆ ئامڕازی خواستەکانیان. ئەوەی هیچ کەس بە پیر کوبانییەوە ناچێت، ڕەنگە هۆکەی ئەوە بێت کە دەیانەوێت ئەمجۆرە مرۆڤە، ئەم شێوەیە لە بەرگری لەسەر زەوی نەمێنێت. ئەوەی لە داعش بۆ سیستەم ترسناکترە، ئەم جۆرە لە بەرگرییە، ئەم جۆرەیە لە ئینسان کە خۆی جڵەوی بەرگریکردن لە خۆی بگرێتە دەست و تێبگات دەتوانێت موتڵەقە گەورەکان بشکێنێت. جەنگاوەرەکانی کوبانی هێمای ئەوەن کە «مرۆڤی تاک ڕەهەند» ئەو مرۆڤەی ڕەهەندی ڕەدکردنەوەی لێسەندراوەتەوە و نەستی پڕکراوە لە فەرمانە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانی سیستەم، بوونەوەرێکی گەردونی نییە، بەڵکو گەڕانەوە بۆ مرۆڤی سروشتی، بۆ مرۆڤێک کە کۆدەکان و کۆنترۆڵەکان نەیانکردوە بە ئامێر هێشتا لە بەر دەستدایە و دەکرێت بەجۆرێک لە جۆرەکان لە هەموو جێگایەک و لە هەموو مرۆڤێکدا زیندووبکرێتەوە. بە واتایەکی تر جەنگاوەرەکان لەو شارە بچوکەدا، مانای «بەرگری» لە هەموو تەپوتۆزە ئایدۆلۆژییەکانی دەتەکێنن و دەیگێڕنەوە سەر مانا سروشتییەکەی، وەک بەرگری لە شتێک کە ناچێتە ژێر ڕەحمەتی هیچ پێناسێکی مەزهەبی یان ئایدۆلۆژییەوە، شتێک پێش ئەوانە دەکەوێت، بەرگری وەک هەڵبژردنێکی کراوە و هەمیشەیی و لە دەست نەچوو، وەک پۆتێنسیالیتەیتێکی نەمر کە هەمیشە دەگەڕێتەوە، وەک ئەگەرێک کە دەکرێت لە هەموو ئان و زەمانێکدا بگەڕێینەوە سەر سەرچاوە سافەکەی و لە جەنگماندا دژ بە سیستم بەکاریبهێنین


08/10/2014



وتارەکانی تری نوسەر