بۆ كۆنگرەی پەروەردەیی هۆكارەكانی پشتەوەی تاقیكردنەوەكان بە هەڵبژاردن

مەریوان سەلاح حیلمی
دوای ئەوەی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەمانگی 9 ی 2014 لەسایتەكەی خۆیاندا بانگەوازی ئەوەیان بڵاوكردەوەو رایانگەیاندو وتیان بەتەماین سیستمی تاقیكردنەوەكان بەگشتی و دوانزەیەمی ئامادەیی بەتایبەتی لەسەدا سەد بكەین بە هەڵبژاردن، من یەكەم كەس بووم لە 15/9/ 2014 وتارێكم لەسەرباشی و خراپی سیستمی هەڵبژاردن نوسی و لەرۆژنامەی ئاوێنەدا بڵاومكردەوە، هەر دوای بڵاوكردنەوەشی وەزیری پەروەردە چووە پەرلەمان و لەسەر سیستمی هەڵبژاردن رەخنەی لێگیراو ئەویش بەرگری لەخۆی دەكردو خاڵەباشەكانی نوسینەكەی منی بۆ وەڵامدانەوە بەكاردەهێنا دژی پەرلەمانتاران، بەبێ‌ ئەوەی ناوی من بهێنێت و بڵێ‌ ئەمە رەئی خەڵكە، دواتریش لەبەرنامەیەكی كەی ئێن ئێن دا لە 2/12/2014 كە بۆ میوانداری بەڕێزان:  د.كەریم شەریف قەرەچەتانی و مامۆستا ئاری بەڕێوەبەری ئامادەیی ئەڵڵایی و عبدالواحیدمحەمەد حاجی سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان سازكرا لەسەر سیستمی هەڵبژاردن، هەرسێكیان زۆر بێ‌ ئاگابوون لەوەی كەیەكێك هەبووە تەنانەت پێشئەوەی پێشنیارەكە ببێت بە بڕیار لەراقیترین رۆژنامەدا بابەتی لەسەر نوسیوە، ئەو بەڕێزانەو خوێنەرانیش دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ ئەرشیفی رۆژنامەكە.ئەو پێشەكیەم بۆیە نوسی چونكە دەزانم ئەگەر كۆنگرەی پەروەردەیی بگیرێت لە 17/2/2015 یەكێك لەخاڵە گرنگەكانی ئەم بابەتە دەبێت و چونكە ئەو خاڵانەی كە بۆ كۆنگرە دەستنیشان كراون لەچاو كردنی سیستمی تاقیكردنەوەكان بەهەڵبژاردن بایەخێكی ئەوتۆیان نیە، جا لەبەر ئەوە پێویستە وەزارەتی پەروەردە لەكۆنگرەدا وەڵامی یەكێك لەم خاڵانەی خوارەوە بداتەوەو هۆكاری پشتەوەی كردنی سیستمی هەڵبژاردن بۆ رای گشتی ئاشكرا بكات، چونكە ئێمە لێرەوە زۆر بەوردی چاودێرییان دەكەین، وەچاودێری ئەوانەش دەكەین كە پیتێكیان نیە لەسەر پەروەردە بیڵێن و بۆ هەوا گۆڕین و كات بەسەربردن دەبن بەئەندامی كۆنگرە. هۆكارەكانی كردنی پرسیار بەشێوەی هەڵبژاردن بۆ ئەم خاڵانەی خوارەوە دەگەڕێتەوە:
1ـ زۆرێك لەوڵاتان پەیڕەوی دەكەن و سیستمێكی سەركەوتووەو پێویستە هەرێمی كوردستانیش سوود لەوڵاتان وەربگرن.
 2ـ نەخێر مەسەلە سوود وەرگرتن نیە و حكومەت و پەروەردە ناتوانن خواستی خوێندكار و گەنج بەدەست بهێنن و دەیانەوێت لەم رێگەیەوە ناڕەزایی خوێندكار هەڵمژن.
 3ـ نامەسەلە هەر ناڕەزایی نیە ئێمە لە حكومەت حساب بۆ كەس ناكەین، تاوەكو بۆ خوێندكاری بكەین، بەڵكو ئەوەی ئەم بڕیارەی پێ‌ دەركردووین ئەوەیە، كە خوێندگاكانمان قەرەباڵخ و سیخناخن لەخوێندكارو تاكە رێگە بۆ خاڵیكردنەوەی ئەوەیە كە سیستمەكە بكەین بەهەڵبژاردن و لەكوێ‌ دەتوانین ساڵانە ئەم هەموو باڵەخانەیە بۆ خوێندكار دروستبكەین.
 4ـ دوای ئەمە ئێمە مەبەستمانە ئەم قەرەباڵخی و سیخناخیە هێدی هێدی بەرینە ناو وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانكۆ و پەیمانگاكان، با خەڵك و خوێندكار بچن ئێخەی خوێندنی باڵا بگرن كە لەحیزبێكی ترە.
5ـ  نا دەستێكی تر هەیە كە دەیەوێت وردە وردە خوێندن بەگشتی و خوێندنی زانكۆو پەیمانگا بەرەو ئەهلی بەرێت، جا ئەگەر ساڵانە زیاتر لە سی چل هەزار خوێندكار بەهۆی هەڵبژادنەوە دەرچووبن لە هیچ شوێنێك وەرنەگیرێن، ئەوا تاكە شوێنێك كە ئەمانە بگرێتە خۆی ئەوا خوێندنی ئەهلیە، بەمەش بازاری ئەهلی وەها گەرم دەبێت كە خەڵكی تر بیر لەكردنەوەی كۆلێژو زانكۆی ئەهلی تر بكەنەوە.
6ـ نا مەسەلەكە هیچ كام لەوخاڵانە نیە كە باسكران،بەڵكو ئەوەیە ئەوەی وڵات و وەزارەت بەڕێوەدەبات دواجار سیاسەتێك لە پشتیەوە ئیش دەكات، ئەم سیاسەتەش لەم قۆناغەدا بریتیە لەوەی خوێندكارێكی زۆر لە ئامادەیی بەهۆی سیستمی تاقیكردنەوەی هەڵبژاردنەوە دەربچوێنێت، ئینجا زۆرینەیان نە لە زانكۆی حكومی وەردەگیرێن و نە پارەشیان هەیە لە ئەهلی بخوێنن، ناچار داوای ئیش و تەعین بوون دەكەن، باشترین ئیشێكیش كە حیزب بۆیان بدۆزێتەوە رێكخستن و تەعینكردنیانە لە ریزەكانی پێشمەرگەو ئاسایش و زێرەڤانی و وەزارەتی ناوخۆ، چونكە ئەم قۆناغی شەڕو ململانێیە ئێخەمان بەرنادات و بەمەش دوو دەستكەوت بەدەست دەهێنین یەكەمیان خەڵكێكی زۆر بە مەمنونی لەریزەكانی حیزب جێدەكەینەوەو بۆ ئینتیخابات دەنگمان پێدەدەن و سوودیان لێوەردەگرین، دووەمیشیان ئەوەیە كە ئەگەر ئەم گەنجە بێ‌ ئیشانە نەخەینە بەرەكانی جەنگەوە ئەی كێ‌ بخەین؟
 7ـ دووریش نیە هیچ كام لەو خاڵانە نەبن بەڵكو ئەمە بڕیارێكی كاتی بێت لەپێناوی بەرژەوەندی چەند مناڵ و خێزانی بەرپرسێكدا درابن و دوای دەرچوونی ئەو كەسانە ئیتر بیانوویەك دەهێنرێتەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی.
8ـ رەنگە هۆی سەرەكی ئەوە بێت كە لەم قۆناغەدا وەزارەت ناتوانێ‌ تێچووی كۆنترۆڵ دابین بكات و پرسیاری هەڵبژاردنیش تێچووی كۆنترۆڵی ناوێت و بە ئامێری تایبەت دەكرێت.  


28/01/2015



وتارەکانی تری نوسەر