هەمو هیواکان ،بۆ سەرکەوتنی (HDP) ی نوێنەری راستەقینەی کوردی تورکیایە

بارزان شێخ عوسمان
بڕیارە چواردەی ئەم مانگە، مەی /٢٠٢٣  هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی و پەرلەمانیی لە تورکیا بەڕێوە بچێت.
پارتی گەلانی دیموکرات ،Halkların Demokra patrisi  ،(HDP) بۆ خۆپاراستن لە راوەدونان و قەدەغەکردن بە ناوی پارتی چەپی سەوز ( Yeşil Sol Parti ) (YSP ) بەشداریی دەکات  لە چوار چێوەی هاوپەیمانیی کارو ئازادیدا .
هەرچەندە شەڕی سیاسیی سەرەکیی لەسەر پۆستی سەرکۆماری تورکیایە ،بەڵام بەدەستهێنانی زۆرینەش لە پەرلەمانی تورکیا  و گۆڕینی سیستمی ئێستای دەسەڵات گرنگیی تایبەتیی هەیە کە بۆ خوشک و براکانمان لە کوردستانی تورکیا لەسەر ئاستی تورکیاو جیهان تایبەتمەندی خۆی هەیە .
شکستی ئەردۆگان زۆر گرنگە لەم هەڵبژاردنەدا ،بەڵام ئەوەی گرنگترە بەدەستهێنانی  زۆرینەیەك بۆ نوێنەرانی کوردی تورکیایە ، کە لە پەرلەماندا  لە ئاستێکدا بن لە پرۆسەی حکومەت پێکهێناندا یەکلایی کەرەوە بن   بەو واتایەی  ئەوان  دەتوانن  تای تەرازوی هێز بۆ لایەنەکەی تر  قورس بکەن  و بیکەنە  هێزی براوە .
بە داخەوە ساڵی ٢٠١٥  نوێنەرانی  (HDP) کە  زیاتر لە کوردەکانەوە نزیکە دەنگی زۆر باش و پێویستی یان هێنا  ،بەڵام سەریان لێشێواندن  و نەیان هێشت   سەرکردە و سیاسەتمەداری بە توانا و  بە ئەزمون و راستەقینەی  کوردی تورکیا   (سەلاحەتین دیمرتاش) ببێتە وەزیری دەرەوە و جێگری سەروەزیر  ،بەوەش یەکەمین جار دەبو لە مێژوی تورکیادا  رابەرێکی لێوەشاوە و  ناسراوی   کورد و  خۆ بە کورد زان  ئەو پۆستە وەربگرێت . 
ئێستاش کە دوانزدە ملیۆن دەنگدەری کورد لە تورکیا مافی دەنگدانیان هەیە ،سەرباری ئەوەی  زیاتر لە دوسەد کەسایەتیی چالاکوان مەدەنی  و پسپۆڕی بەڕێوەبردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەر بە   پارتی گەلانی دیموکرات(HDP)، دەستگیرکراون  ، بەڵام پێشبینی دەکرێت  لەو شەش سەد کورسییەی پەرلەمانی تورکیا، YSP یاخود (HDP)، دەنگی زۆر باش بهێنێت  کە حزبی براوەی یەکەم پێویستی پێ بێت  بۆ پێکهێنانی حکومەت و پەسەند کردنی هەر پرۆژەی بڕیار و قانونێك لە پەرلەمان و حکومەتدا.لەو بارەیەوە بەڕێز ئەحمەد تورک سیاسەتمەداری  کوردی بەناوبانگ لە تورکیا و کوردستانی تورکیا،  پێشبینی کردوە کە چەپی سەوز YSP رەنگە نەوەد کورسی بەدەست بهێنێت کە  ئەمە ژمارەیەکی هەر زۆر دڵخۆشکەرە .
زۆر راشکاوانە دەڵێم هەق نییە ئەمجارەش وەك ساڵی ٢٠١٥ هیچ هێزێکی سیاسیی تر کە مەرامی بێت تەنیا خۆی  کوێخا بێت ، دەستوەربداتە کاروباری ناوخۆی YSP  و لیستی هاوپەیمانیی کار و ئازادیی و سەرکەوتنی چاوەڕوانکراوی ئەو حزبە  لە کیس بدات . 
ئێمەی کوردی عێراق ،ئێران ،سوریا   کە بۆمان نییە دەست وەربدەینە هیچ بڕیار و سیاسەتێکی پارت و رێکخراوەکانی  کوردی تورکیا یا ئەو پارتە تورکیانەی  لە بەرژەوەندیی کورد کار دەکەن ،بەڵام ئومێدمان زۆرە کە  سیاسییەکانی کوردستانی تورکیا  هەلومەرجە رەخساوەکە بۆ سەلماندنی مافی رەوایان ،دەکەنە دەرفەتێك بۆ ئەوەی زیاتر بتوانن لە خەباتی سیاسیی ،پەرلەمانیی،ئیعلامیی و دیپلۆماتییدا،مافەکانی کورد لەو بەشەدا  دەستەبەر بکەن بەو جۆرەی کە کوردی تورکیا   خواستێتی لە دیاریکردنی چارەنوسی  خۆیدا.
دیارە لە حاڵەتێکیشدا ئەگەر  ئەردۆگان و حزبەکەشی شکست نەخۆن  (کە هەمو  راپرسییەکان  و راڤەی گەورە سیاسەتمەدارانی ئەمریکاش ئاماژە بۆ شکستی دەکەن )، YSP واتە  (H.D.P) و حزبە هاوسۆز و هاوپەیمانەکانی  هەر دەتوانن لە پەرلەمان و حکومەتدا  رۆڵی کاریگەر وازیی بکەن بە ئاڕاستەی  کۆتایی هێنان بە پەراوێزخستنی کورد لەتورکیا و تۆمەتدانە پاڵی بەوەی جودایی خواز یا تێرۆریستە .ئەوکاتە کورد لەرێی (H.D.P)ەوە  (کە نوێنەرە راستەقینەکەیەتی) ،دەتوانێت پێگەی سەنگینی خۆی  قایم بکات سۆزی رای گشتیی تورکیاش بۆ خۆی فەراهەم بکات .
ئێستا هەمو ئومێد و  هیواکانی کورد ،دیموکراتخوازانی تورکیا،  ناوچەکە ،ئەوروپا و تەواوی جیهانی شارستانیی ،لەسەر ئەوە هەڵچنراوە کە  کاندیدای پارتی گەلیی کۆماریی تورکیا (CHP)   و هاوپەیمانیی میللەت (کمال گلیکچدار)   بۆ پۆستی سەرکۆمار لە خولی یەکەمدا رێژەی زیاتر بەدەست بهێنێت ،حزبەکەی و هاوپەیمانەکانیشی بە هەمان شێوە .
ئەمەش  وا چاوەڕوان دەکرێت لە بەرژەوەندیی دیموکراتیی  و مەدەنییەت و کۆتایی هاتنی دیکتاتۆریی و حوکمی ئیخوانچیی -ئیسلامیی و نەتەوە پەرست  بێت  .کوردیش بەشێکی ئێجگار زۆری دەنگی بۆ ئەو کاندیدایە دەبێت  بەو پێیەی بەرنامەکەی (CHP)  و هاوپەیمانییەکە لەگەڵ  خواستی کورد  و  نوێنەرە راستەقینەکەی ،کە پارتی چەپی سەوزەکان واتە  (H.D.P)  یە   ،نزیکە و یەك دەگرێتەوە.

03/05/2023



وتارەکانی تری نوسەر