بێ دەنگییەکی کوشندە هەستی پێدەکرێت!

کاردۆ محەمەد
دەرکەوتنی (ئاک پارتی) وەک ڕەوت و شێوازێکی نوێی کاری سیاسی، بە سود وەرگرتن لەو پاشخانە ئیسلامییەی هەیبوو، بەدەرفەت وەرگرتن لە سیستەم و شێوازی حوکمڕانی تورکیا، توانی لەماوەیەکی کەمدا زنجیرەیەک سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەستبێنێت و پاشەکشە بە کەمالیزمی تورکی بکات. خۆی وەک فریادڕەسی هاوڵاتیان و خۆ نمایشاکاریی ڕەوتی ئیسلامی میانڕەو نمایش بکات. هەر لەو سۆنگەشەوە پرۆسەی ئاشتەوایی کرانەوە بەڕووی کیشەی کورددا یەکێک بوو لە درووشم و ئامانجەکانی کارکردنی سیاسی لە گۆڕەپانەکەدا، بەڵام پاش ئەو زنجیرە سەرکەوتنەو پتەوکردنی بنەماکانی حوکمڕانی خۆیان لە زۆرێک لە جومگە سیاسی و ئیدارییەکانی ئەو وڵاتەدا، زۆری نەبرد خواست و خەونی سوڵتانیزم بەرۆکی ئەردۆگانی گرت و ئیدی هەنگاوەکانی بۆ تاکڕەویی و گۆرینی سیستەمی حکومرانی تورکیا دەستپێکرد. ئەمەش بە ئیستغلال کردنی پێگەی تورکیا لە جەمسەرگیریەکانی ناوچەکە و گەڕانەوە بۆ خەونی خەلافەت.

ئەم دیدە  ڕۆژهەڵاتییە خویندنەوەیەکی هەڵەی بەخشیە (ئاردۆگان و ئاک پارتی) و تیۆری بە سفرکردنی کێشەکان لەناوچەکە زۆر بڕی نەکرد و بە پێچەوانەوە هەڵگەڕایەوەولەگەڵ زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە و دراوسێ، لەبری سیاسەتی (سفر کێشە) کەوتە ململانێ و کێشەی قوڵەوە. بەتایبەتیش پشتیوانی کردنی رەوتە تیرۆریستیەکان بۆ پاراستنی پێگەی تورکیا لە ناوچەکە، تا گەیشتە گوشار دروستکردن لە سەر ئەوروپا بە دەرگاکردنەوە بۆ کۆچبەران. لەئاستی ناوخۆشدا دوای سەرکەوتنی بەرچاوی(هەدەپە) لە هەڵبژاردنەکاندا ئیتر ئەو حیزبە نەیتوانی سیاسەتی دەمامکدارانە درێژە پێ بدات، تا گەیشتە سیناریۆی دوبارە هەڵبژاردنەکان و  دواتریش بە بیانوی جۆراجۆر کەوتە پەلاماردانی ناوچە کوردنیشینەکان و تیرۆرو کوشتنی هاوڵاتی و خەڵکی سڤیلی ئەو ناوچانەو خاپورکردنی دەیان گوندو ناوچەی کوردنشین.

لە دوای ئەم کردەوە سەربازییە نامرۆییانەی تورکیا بەرامبەر هاوڵاتیانی کورد، ئەگەر دونیا لەبەر بەرژەوەندی خۆیان بێدەنگیان لە ئاست ئەم جینۆسایدەی تورکیا هەڵبژاردبێت، هەروەک چۆن پێشتر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبەرامبەر ڕوداوەکانی بەعس لە پرۆسەی بەدناوی ئەنفال و هەڵەبجە لە باشور بێدەنگییان هەڵبژارد، بەڵام سەرەنجام ئەم بێ دەنگییە درێژە ناکێشێت و لە ئێستادا ڕۆژ بەڕۆژ ئاردۆگان و تورکیا لە ناوچەکە بەرەو گۆشەگیریی و دەرکەوتنی ڕوخساری ڕاستەقینەی دەڕوات، ئەو شێوازە فەرمانڕەواییەش بەرەو کۆتایی دەچێت، بەتایبەتیش دوای پەرەسەندنی رووداوەکانی کوردستانی ڕۆژئاوا و  پشتیوانی هاوپەیمانان لە (پەیەدە) دەرگایەکی تر بەرووی ستەمکاری تورکیا داخست و پرسی نەتەوەیی کوردی بردە ئاستیکی باڵاتر، بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانییە سەرەڕای رەوشی پر ئاڵۆزو تەنگەژەکانی هەرێمی کوردستان، کە دەرەتانی چارەسەریی کێشەکانی خۆی نییە، کەچی لە ئاستی فەرمی و تاڕادەیەکیش جەماوەریدا بێدەگییەکی نا ئاسایی لەبەرامبەر جینۆسایدکردنی گەلی باکور هەست پێدەکرێت، ئەگەر ئەم بێ دەنگییە بۆ بێ باکی ئەم دەسەڵاتەی باشور بگەڕێتەوە، بەڵام ڕەوا نییە لە ئاستی خەبات جەماوەریدا لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بێ دەنگییەکی کوشندە هەستی پێ دەکرێت.!

14/06/2016



وتارەکانی تری نوسەر