سێ پێشنیار بۆ دورخستنەوەی مەترسییەکانی شەڕ لە هەرێم

لەتیف نێروەیی

پێشەکی :دەخوازم ئاماژە بەو ڕاستییە بدەم کە لەهەموو بوارەکاندا جیاوازی لە نێوان شەڕی گەلی کوردستان لە دژی تیرورستانی داعش و، شەڕی کوردو کورد هەیە.

 

یەکەم :شەڕی دژی تیرورستانی داعش بۆ پاراستن و دورخستنەوەی مەترسییەکانی سەر دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان بوو، بەڵام لەشەڕی کوردو کورد خوانەخواستە ئەگەر ڕووبدات، دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان دەخاتە مەترسییەوە.

 

دووەم:لەشەڕی دژی داعش سەرجەم هێزو لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان لەیەک سەنگەردا کۆکراونەتەوە وبۆ بەهۆی فەراهەمکردنی پشتیوانی نێودەوڵەتی،  بەڵام لەشەڕی کوردوکورددا مەترسی لەسەر یەکڕیزی نیشتیمانی لەنێوان پارچەکانی کوردستان دروست دەبێت و، دەرفەت بۆ دەست تێوەردانی دەرەکی لەکاروباری ناوخۆی هەرێم زیاتر دەبێت و، دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان دەکەونە مەترسییەوە و، تەنانەت مەترسی لەسەر پڕۆژەی ئەمریکا بۆئاشتەوای لە رۆژئاوای کوردستان دروست دەکات، دواجار مەترسی لەسەر ئایندەی ئیدارەی رۆژئاواش دروست دەکات. 

 

سێیەم:شەڕی دژی داعش بۆ پاراستنی   سەروماڵی هاوڵاتیانی هەرێم و رێگریکردن بوولە ئاوارەبوون و دەربەدەربوونی هاوڵاتیانی هەرێم ، بەڵام  شەڕی کورد وکورد دەبێتە هۆی ماڵوێرانی و دەربەدەر بوونی خەڵکی دێهاتەکانی کوردستان و تەنانەت دەربەدەر بوونی هاوڵاتیانی هەندێ شاروچکەی هەرێمی کوردستان، ئەمەش کێشەی هەژاری و بێکاری و کێشەی شوێنی نیشتەجێبوون و رێژەی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاتر دەکات.

 

بۆیە بۆ رێگریکردن لەو شەڕە، ئەم سێ پێشنیارە دەخەمەڕوو.

 

1_هەرچەندە رێگریکردن لە هەڵگیرسانی شەڕەکە ئەرکی هەموو هێزو لایەنە سیاسییەکانە، بەڵام  جەماوەری کوردستان دەتوانێت روڵێکی باڵا لەو بوارەدا ببینێت، ئەویش بەدروستکردنی دیوارێکی جەماوەری (دیواری مرۆڤی) لەنێوان هێزەکانی هەرددلادا و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیش دەتوانن روڵێکی ئەرێنی ببینن لە یارمەتیدان و رێکخستنی ئەو ئەرکە پیرۆزومێژوییە، واتە وەک چون بەهۆی شەڕەکەوە زەرەرمەندی سەرەکی جەماوەری کوردستان دەبێت، بەهەمان شێوە دەکرێ جەماوەر یەکێک بێت لە کارتە بەهێزەکان بۆ رێگریکردن لە شەڕەکە. 

 

2_ هەندێ سەرچاوەی میدیایی سەرقاڵی ژەنینی دەهوڵی شەڕن و پەیامی خۆیان بۆ جۆشدانی شەڕەکە تەرخانکردووە،  بۆیە پێشنیاردەکەم کە وەزارەتی رۆشنبیری هەموو تواناو دەسەڵاتە یاساییەکانی خۆی بەکاربێنێت بۆ خاوکردنەوەی هەڵچون و گرژییە میدیاییەکان ، چونکە پێشتر هەندێ چالاکوان لەسەر ئەوە گیراون گوایە خەڵک هاندەدەن بۆ خۆپیشاندان و تێکدانی ئارامی هەرێمی کوردستان، کەوابێ دەبێ سنورێک بۆ ئەو کەناڵ و کەسانەش دابنێن کە پەیامەکانیان لەپێناو ئاراستەی شەڕو خوێن ڕشتنە. هەروەک چوارچێوەیێکی فەرمی هەبێت بۆ قسەکردن لەسەر رووداوەکان و هەموو فەرماندەیێک بۆی نەبێت لێدوان بدات، چونکە هەندێ کەس پەلە دەکەن لە لێدواندان  ولێدوانەکانیان دەبێتە هۆی دروستکردنی مەترسی و گرژیێکی زیاتر .

 

3_ئەرکی حزب ولایەن سیاسییەکانی کوردستانە، دەست بە کۆبوونەوە بکەن و بەرەیەکی هاوبەشی نیشتیمانی دروست بکەن بۆ رێگریکردن لەشەڕو خوێنڕشتن و ماڵوێرانی و دورخستنەوەی دەستی دەرەکی و چارەسەرکردنی کێشەکان لەڕێی دان وستان و لەیەک تێگەیشت .
کات بەپەلەو لە دۆخێکی زۆر مەترسیداردا تێپەڕ دەبێت و، ئەگەر هەنگاوەکان خێراو کردەیی نەکرێن، ئەوا کارلەکاردەترازێت و نەهامەتیێکی دیکە بەسەر گەلەکەماندا دێت.


05/11/2020



وتارەکانی تری نوسەر