خۆی دەم بەپێکەنینە،ئیتر ئێوە بۆ بۆی دەگرین!

د. دڵشاد عەبدولرەحمان


ماوەیەکە،نوسینێکی زۆر دەخوێنمەوەو،ووتار گەلێکی فرە دێتە بەرگوێم، کەشین وشەپۆڕە بۆسلێمانی وئاخ وداخە بۆ ئەوشارەو حەسرەتە بۆساڵانی ڕابردوی گوایە بۆ جوانی ئەوساو ناشیرینی ئێستایە. من دڵنیام لە ڕاستگۆیی وپەرۆشی زۆربەی ئەو نوسەرو گوتاربێژانە، جگە لە کەمینەیەک کە هۆکاری سیاسی پاڵنەرێتی، وەلێ من پێچەوانەی ئەو بەڕێزانە شار دەبینم . شارنە لەڕابردودا ئەو بەهەشتە بوە کە ئەوان دەینەخشێنن وە نە لەئێستادا ئەو دۆزەخەیە کە ئەوان وێنای دەکەن. ئاخر سەیرێکی شیعرەکانی پیرەمێردو گۆران و نوسەرانی تر بکەین ، دەزانن کەئەوانیش لە سەردەمی خۆیاندا، چەند بێزار بوون لە بەشێک لەخەڵکی شار و دیاردەی نەشیاو.

شەستەکانی سلێمانی سەرەڕای جوانیەکانی شار، پڕبوە لە شەڕەگەرەک وناوی چەندین شەق وەشێن و چەقۆهاوێژ بەهەموان ئاشنابوون، ئەمە جگە لە تیرۆری بەناهەقی سیاسی و حەملەی ژن کوشتن بەناوی حەملەی ئەخلاقیەوە لە هەشتاکاندا لەبیر زۆربەمان ماوە.

شار هەر وابوەو هەرواش دەمێنێتەوە، سەدان هەزار مرۆڤ ناکرێ وەک شوشەی بیبسی بخرێنە سندوقەوە.

سلێمانی هەروەک شارانی تر، بیری جیاو هەڵس وکەوتی جیاو تاوانی جۆراوجۆرو ئاکاری نەشیاوی تیادا ڕوئەداو، بیری جوان و ئاکاری بەرزو میهرەجان و ڤیستیڤاڵی جوانیش لەخۆ دەگرێ . کەم ڕۆژ هەیە مەراسیمی بڵاوکردنەوەی چەندین کتێب و پێشانگاو چالاکی هونەری و ئەدەبی لەم شارەدا ئەنجام نەدرێ. من وایدەبینم کە  شین بۆ گەڕانەوەی سلێمانی بۆ زەمەنی ڕابردو، جگە لەوەی گریانێکی بێهودەیە، دیدو خوێندنەوەیەکی هەڵەشە هەم بۆڕابردو، هەم بۆئایندەی ئەم شارە.

کورت و پوخت، ئەم شارە جگە لە خەسڵەتە جوانەکانی تری، بەزەردەخەنە هەمیشەییەکەیەوە دەناسرێتەوە، بۆیە تکایە ئێوەش بەدەمیەوە پێبکەنن، نەک واوەیلاو ئاخ وداخی بۆ هەڵکێشن.

04/01/2023



وتارەکانی تری نوسەر