پوور مەنیج، نەنکی کەسمان نیە و نەنکی هەموشمانە

سەربەست حسین
لە بری ئەوەی  بۆ ناوێک بگەرێین بۆی، با لەو دەرسانە تێبگەین کە ئەم دۆزینەوەیە فێرمان دەکات:

٧٥ هەزار ساڵ بەر لە ئێستا، ئەم ژنە لە شانەدەر نێژراوە.  پشکنینی شوێنەوارناسی لە شانەدەر لە ساڵی ١٩٥١، ١٩٥٩، ١٩٩٤ لە لایەن پسپۆڕانی ئەمریکا و پاشان ٢٠١٨ لە لایەن پسپۆڕانی زانکۆی کامبریجی بەریتانیەوە ئەنجام دراوە. ئێیسک و پروسکی زیاد لە ١٠ کەس دۆزراوەتەوە، کە منداڵ لە ناویاندا هەیە. ئەم بەڵگانە دەستکەوتوون:

١. ئەم ژنە لەسەر لا نێژدراوە، دەستی چەپی خراوەتە ژێر سەری، بەردێکی سافی بەرز لە پاڵ سەری هەیە - لە کێلی قەبر دەچێ - . بەڵگەیە بۆ ئەوەی نیاندەرتاڵ تەرمی خۆشەویستانیان لە نزیک خۆیان پاراستوە، بە ڕێزەوە ناشتویانە. تەنانەت هەڵاڵەی گوڵ دۆزراوەتەوە، کە ڕەنگە بۆ ڕێز، یا کەمکردنەوەی بۆنی مردوەکە لەسەر تەرمەکە دانرابێ.

٢. ئێسکی پیاوێکی بەساڵاچوو دۆزراوەتەوە کە چاوێکی کوێر و دەستێکی سەقەت بوە. بەڵگەیە بۆ ئەوەی، نیاندەرتاڵ مشوری پیر و سەقەتەکانی خۆیان خواردوە. بەخێویان کردوون.

٣. شانەدەر ماڵی مرۆڤ بوە بە درێژایی نزیکەی ١٠٠ هەزار ساڵ. بە بەردەوامی. 

٤. خەڵوز و تۆوی برژاو دۆزراوەتەوە، نیشانەی ئەوەیە کە نیاندەرتاڵ ئاگری بۆ خواردن لێنان بەکار هێناوە.

ئەمانە چەند بەڵگەیەکن لەسەر ژیانی نیاندەرتاڵ کە تیشک دەخەنە سەر دێروکی تاریک و نەزانراوی ژیانی مرۆڤ لەسەر زەوی.
ئەم دۆزینەوەیە بەڵگە نیە بۆ دێرینیی کورد لە مێژو دا. لەو سەردەمە و تا ماوەیەکی زۆر دوای ئەمەش، کورد بوونی نەبوە. هیچ نەتەوەیەک بوونی نەبووە. تیرە و هۆز بوونی نەبوە. ژمارەی مرۆڤ لەسەر تەواوی زەوی ڕەنگە نەگەیشتبێتە ٢ ملیۆن کەس بەپێی  https://www.prb.org/.../how-many-people-have-ever-lived.../.  بەڵام بەڵگەیە بۆ ئەو ڕاستیەی کە ئەم سەرزەمینە، پێش کورد و کوردستان، بە بەردەوامی، لانکەی مرۆڤ بوە. لە سەردەمێکا کە زۆربەی هەرە زۆری سەرزەمین چۆڵەوانی بوە.

لەڕاستی دا، ئێستا پسپۆڕان گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی کە نیاندەرتاڵ لقێک بوون لە یانزە لق -بەرەبابی- مرۆڤ، کە لە ئەنجامی شەڕ و کوشتاری ناوخۆ،  یەکتریان لەناو بردوە. - هۆمۆسەیپان - کەئێمەین، بە شەڕ، تەواوی نیاندەرتاڵەکانمان لەناو بردوە.  چوار ئیقلیمی دنیامان داگیر کردوە. بۆیە پور مەنیج نەنکی کەسمان نیە بە تەنها.  نەنکی مرۆڤایەتیە.

04/05/2024



وتارەکانی تری نوسەر