هاوڕێیی و هاوڕایی!

نوری بێخاڵی
جەختکردنەوەی بەردەوامی (نێچیرڤان بارزانی) لە بۆنەی جیاوازدا لەسەر ئەوەی، کە براوەیی و دۆڕانی هەموومان وەک گەلی هەرێمی کوردستان و هێزە سیاسییەکانی، بەیەکەوە پەیوەستە. لەو ترسەوە سەرچاوە دەگرێت، کە بەردەوامیی ناکۆکی و قۆڵبادان و پاشقۆڵ لە یەکتری گرتن، دەمانبەنەوە چوارگۆشەی یەکەم و خاڵی سفر.

ڕاستییەکەی، بۆ هەرێمی کوردستان ڕاگرتنی باڵانسی پەیوەندییە سیاسییەکان لە ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، کارێکی گرنگە، بەڵام لەکاتێکدا لەناوخۆماندا هێشتا ساتمە بە یەکتری دەبەین و تا دێت بۆشایی نێوانمان گەورە و گەورەتر دەکەین، ئەم باڵانس ڕاگرتنە دەرەکییە دادمان نادات. ئاخر ئێمەیەک کە لە ناوخۆماندا لە بری سڵاو، تانە و تەشەر لە یەکتری دەگرین. لە جیاتی خەندە، جەنجەر لە یەک دەسووین.. لە بری درێژکردنی دەستی تەوقە، تەونی تۆڵە بۆ یەکتری دەچنین، خۆشخەیاڵییە کە پێمان وابێت ئەم ستاتۆ سیاسییەمان بە جێگیری و چەسپاوی دەمێنێتەوە.

ئەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستانی خستۆتە بەردەم مەترسی و لە داهاتووشدا هەر بە سەرچاوەی سەرەکیی مەترسی و هەڕەشە دادەنرێت، پیلانی هەرێمایەتی، گەلەکۆمەی هێزە سیاسییەکانی عێراق، بەغدا و بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی نین، بەڵکوو بە پلەی یەکەم، خۆمان و بەردەوامیی ناکۆکی و ململانێی ناو ماڵی سیاسیی کوردە.

ڕاشکاوتر بڵێم: هەتا مەودای نێوانمان بەرینتر بێت، ئەگەری لاوازتربوونی قەوارەکەمان زیاتر دەبێت.. هەتا ناکۆکی و جیاوازییەکانمان قووڵتر بکەینەوە، ئاسۆی بەردەوامیی ستاتۆکەمان لێڵتر دەبێت.. هەتا لە بەرامبەر یەکتری لە کەلی شەیتان دانەبەزین، ئەوەندە زیاتر نەیارەکانمان سواری سەر ملمان دەبن.

ئەگەر خاڵێکی بە هێزی مانەوە و بەردەوامیی قەوارە سیاسییەکەمان، ئەو هەمەڕەنگییە نەتەوەیی، ئایینی و کولتووری و فرەییە سیاسییە بێت، ئەوا گۆڕانی ئاراستەی کێشە و ناکۆکییە سیاسییەکانمان لە دانوستاندنەوە بۆ دوورکەوتنەوە، لە گفتوگۆوە بۆ یەکتر سڕینەوە، لە پەیوەندییەوە بۆ پەرتەوازەیی، لە جیاوازییەوە بۆ دوژمنایەتی، نەک هەر ئەزموونە سیاسییەکە، تەنانەت خودی خۆمان و خەونەکانیشمان دەخاتە بەردەم مەترسیێکی گەورە. بۆیە دەبێ جیاوازیی و ناکۆکییەکانمان فاکتەری یەکڕیزی و تەبایی بن و لۆژیکی (یەکێتیی دژەکان) بکەینە بنەمای کاری هاوبەش و پێکەوەیی.

لە لایەکی ترەوە، ئەوەی هەرێمی کوردستانی تا ئێستا بە پێوە هێشووەتەوە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هێشتا چۆڕە ئومێدێکی پێی ماوە و هەوڵی پاراستن و بەردەوامبوون و بەهێزبوونی دەدات، فرەیی سیاسیی و هەمەچەشنیی ئیتنی و ئایینی، پرسی ئازادیی ڕادەربڕین و مافەکانی مرۆڤ و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و بەهاگەلی دیکەن، کە دنیا لەسەریان کۆکە و هەر ئەو بەهایانەشن کە گرەنتی پاراستنی داهاتووی ئێمە و ئەزموونەکەمانن. بە پێچەوانەی ئەمە، هەر پاشەکشێیەک لە پابەندبوون بەم بەهایانە، یان پاساودانەوەی پێشێلکردنیان بە بیانووی سەمەرە، گرەنتی مانەوە و مسۆگەرکردنی داهاتووێکی گەش بۆ ئێمە، کەم و لاوازتر دەکەن.    

‏هێزە سیاسییەکانی کوردستان نابێ ئەو ڕاستییە لەبیری خۆیان بەرنەوە، کە ئەوەی هەیە و بەدەست هاتووە، بەرهەمی تێکۆشان، خۆڕاگری، گیانبازیی و قوربانیدانی گەلی کوردستانە، نەک دیاری و پاداشت و بەخششی ئەوان. بۆیە دەبێ شان بدەنە بەر باری پاراستن و گەشەپێدانی ئەوەی وەدەست هاتووە، چونکە ئەرک و بەرپرسیارێتیی ئەو هێزانەیە، لە دەسەڵاتداریانەوە بۆ ئۆپۆزسیۆن، لە ڕاستییانەوە بۆ چەپ، بەرگری لەو دەسکەوتانە بکەن کە بەری ڕەنج و قوربانیدانی خەڵکن و مافی وەدەستهێنراوی خۆیانە، بەمەش دەتوانن قەرزێکی بچووکی خوێن و قوربانیدانی خەڵک بدەنەوە.

لەو نێوەدا، پابەندبوون بە ڕێزگرتن لە جیاوازیی سیاسی، گەشەپێدانی فەرهەنگی یەکتر قەبووڵکردن، ملدان بۆ هێزی لۆژیک، بە سەنتەرکردنی زمانی دیالۆگ لە چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکانی نێوانیان، تا ئاستی سازشکردن بۆ یەکتر، ڕاگرتنی هاوسەنگیی لەنێوان خواستی خەڵک و بەرژەوەندییە حزبییەکان، کۆڵەگەی ئەو پرۆسەیەی چوونە ژێر باری بەرپرسیارێتین. بەرپرسیارێتیێک کە توانای هەڵاوێرکردنی (جیاوازی و ناکۆکی، ململانێ و دوژمنایەتی) هەبێت و ئەو بڕوا و یەقینە لای خاوەنەکەی دروست بکات، کە ململانێ و جیاوازی داینەمۆی گەشەکردنی سیاسی و کۆمەڵایەتین، نەک لەمپەر و مەترسی.

بە چاوپۆشین لە هاوچارەنووسیمان لە ئاستە نەتەوەیی و نیشتمانییەکەی، بەڵام دەکرێ هاوڕێ بین و هاوڕا نەبین، لە ململانێدا بین و تەبا بین، جیاواز بین و  یەکڕیز بین، ئەمەش کرۆکی ململانێی دیموکراسییە و ئاسایشی سیاسی  سەقامگیرتر و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی پتەوتر دەکات. بۆیەشە (نێچیرڤان بارزانی) بە پێداگیری و لە باوەڕ و یەقینێکی کۆنکرێتییەوە هەمیشە ئەوە دووپات دەکاتەوە کە "پێویستە یەکڕیزیی کوردان بپارێزرێت." و بەوپەڕی ڕژدبوونیشەوە دەڵێت: "وا بە ئاسانی واز لەم داخوازییە ڕەوایەی یەکڕیزی و تەبایی گەلەکەم ناهێنم."

05/05/2024



وتارەکانی تری نوسەر