ڕۆڵی پەروەردە و میدیا لە کۆمەڵگەدا

رەووف محەمەد ئالانی

ئەوەی پێویست بەسەلماندن ناکات و جێی هیچ مشتومڕێک نیە ئەوەیە، کە پەروەردە چەتری کۆکەرەوە و خۆری ڕوناککەرەوەی هەموو بەش و چەمک و ڕەهەندەکانی ژیانە، واتە پەیوەندی بە سەرجەم کایەکانی ژیانی کۆمەڵگەوە هەیە و ڕۆڵ و بایەخی سەرەکی دەگێڕێت. 
جا ئەگەر توانرا پەروەردە بکرێتە شا ڕێی ئامانجەکان و لەوێوە پلان بۆ داهاتووی هەموو سێکتەر وبەشەکان دابنرێت، باوەڕم وایە هەموو تروسکاییەکان دەبنە مەشخەڵی دەستی ڕێبوارانی ڕێگە و خواستە جیاوازەکان و گەیشتن بە لوتکەی مەبەست و خواستە تایبەتی و گشتیەکان.
ئەوەی مەبەستمە ئەمجارە لێی بدوێم وتیشکێکی بخەمە سەر، ڕاگەیاندن و میدیایە، کە بایەخ و کاریگەری زۆری هەیە لەسەر ژیانی تاک بە تاکی کۆمەڵگە، بەتایبەت لە ئەمڕۆدا چونکە هۆکارەکانی میدیا زۆرن و لە گشتییەوە  بوونە تایبەتی، جاران دەوترا جیهان بۆتە گوندێکی بچووک، بەڵام ئێستا ئەوەش نەماوە بەڵکو بۆتە شاشەی مۆبایلێک، بەهۆی داهێنان و گەشەکردنی شارستانی و تەکنەلۆجیا و ململانێی جیهانی سەرمایەداری و کۆمپانیا گەورە قازانج ویستەکانی دنیا، ڕۆژ دوای ڕۆژ مرۆڤایەتی دەستی بە هۆکار و ئامێر و شێوازی نوێ دەگات.

ئەم هۆکارانە ڕاستە زۆر بەخێرایی زانیاری و بابەتە خواستراوەکە دەگەیەننە کەسی داواکار، بەڵام گیان و هەست و سۆزیان کەمکردۆتەوە، ئەوەتا(ئێرل ویڵسن) بەمجۆرە لەو پەیوەنیانە دەدوێت و دەڵێت:( ڕەنگە هەستکردن لەگەڵ باشترین سیستەمی پەیوەندی و وەرگرتندا ڕوونەدات وەک ئەوەی لە کاتی پشوودا پێکەوە قاوە یەک بخۆنەوە).

گەلی کوردیش وەک هەموو گەلانی جیهان بەو هۆکارانە دەستی ڕاگەیشتووە، بەڵام خەڵکی ئێمە بە دەیان هۆکاری خۆنەویست و سەپێنراو، گیرۆدەی خراپ بەکارهێنان بوونەوە، لەلایەکیتر میدیایەکی زۆر وبێشوماروەک لەناو خەڵکدا باوە و پێی دەڵێن(میدیای بێ دایک و باوک)کە بەو مانایە دێت، خاوەنیان نادیارە و لەبەرژەوەندی کەس و لایەن و شوێنی نادیار ئاراستە دەکرێن، کە چۆنیان بوێ و چییان مەبەست بێ ئەوە پەخش دەکەن، دوور لە هەموو یاسا و ڕێسا وعورف و داب ونەریت و ئیتیکێک، بەمەش کێشە وگرفت و جیاوازیەکان زۆرتر دەبن و گیانی ڕق و کینە و یەکتر قبوڵنەکردن جێی خۆشەویستی و لێبوردن و بە ئاسایی وەرگرتنی جیاوازیەکان دەگرێتەوە.

لە باشوری کوردستان بە هۆی نەبوونی میدیایی نیشتمانی و پەیڕەو نەکردنی یاسا بەرکارەکانی بواری میدیا و بە‌هێزتربوونی حیزبەکان لە حکومەت و هەوڵدان بۆ پاوانخوازی و مامەڵەکردن بە مرۆڤەوە، بەتایبەت ڕاگەیاندنکاران و بەهەدەردانی پارە وسامانی ووڵات، وایکردووە، ئاراستەی میدیا ڕوو لە نشێو بێت و لەجیاتی خەمی گشتی کراوەتە خەمی حیزبی و کەسی، ئەمجۆرە ڕاگەیاندن و میدیایە تەنها لە شوێنە هەرە دواکەوتووەکانی سەر زەوی نەبێ جێی نابێتەوە.

جا ئەگەر ووڵاتێک بەوجۆرە مامەڵە لەگەڵ خۆی و میدیا و ڕاگەیاندن بکات، ئەبێ پەروەردەکەی لەوە خراپتر کاری لەسەر کرابێت.
بۆ ئەم وتەیەشم هیچ بەڵگەیەکی سەلمێندراوی ناوێت، ڕوون و بەرچاوە، چەندین جاریتر ئاماژەم بۆ کردووە و بەڵگەی حاشاهەڵنەگرم خستۆتە بەرچاوی خوێنەران.

هەرچەندە لە زۆر شوێن وتنی ڕاستی تەنها هەر ووتنە و نە کەس کاری لەسەر دەکات نە ووڵامت دەدرێتەوە، ئەگەر مەبەستیش بوو ووڵامت بدەنەوە بیانوویەک یان تۆمەتێکت بۆ دادەتاشن بەرەو زیندان یان تیرۆری کەسێتیت، لەڕێگەی میدیاکانی خۆیان ئەنجام دەدەن.
لەڕووی زانستی و لۆجیکیەوە پەروەردە ومیدیا لە ئامانجدا لەیەک نزیکن، بەوەی هەردووکیان مەبەستیان گۆڕینی ئاراستەی تاکە کەسە بۆ باشترو فێربوون، بەڵام ئەم هاوكێشەیە لە ووڵاتە دواکەوتووەکادا پێچەوانە دەبێتەوە، بەوەی شێواوی کەسێتی تاک دەخولقێنێ نەک ئەوەی پێویستە.
 
پەیوەندی نێوان پەروەردە و ڕاگەیاندن دەبێت پەیوەندییەکی ئاوێتە کراو بێت،  ڕۆڵی هەریەک لەوان لە درووستکردنی ڕۆشنبیری کۆمەڵایەتی و ڕای گشتیدا پێویستی بە هاوکاریی نزیک لە نێوان دامەزراوەکانی ڕاگەیاندن و دامەزراوەکانی فێربوون هەیە، بە نوێنەرایەتی بەشی ڕاگەیاندنی پەروەردەیی و ڕۆڵ و هاوکارییان لەگەڵ میدیادا هەبێت.  بەڵام ئاماژە بەوە دەکرێت کە کارایی ئەم بەشانە بەپێی ئەزموون و توانای ئەو کەسانەیە کە بەرپرسن و هەستی بەرزی مرۆڤدۆستی و گەیاندنی پەیامی ڕاست و دروست وبە پلان، نەک هەڕەمەکی و پیلان ڕێژی نادروست وەک ئەوەی لە هەرێمی کوردستان هەیە.

دوای سی و سێ ساڵ لە حوکمڕانی حیزبەکانی ئەم هەرێمە ویادی ١٢٦ ساڵڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی، جێی داخە نەتوانراوە ئەوەی پێویستە بۆ پەروەردە و میدیا پلانکاری زانستی هاوچەرخ 
دابنرێت.


23/04/2024



وتارەکانی تری نوسەر