ئەمڕۆ یەکەم رۆژی بەهارە

فەلەکناسێکی کورد ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەمڕۆ چوار شەممە یەکم رۆژی بەهارە.

 ئەژی چەتۆ سەرۆکی رێکخراوی فەلەکناسی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا دەڵێت "ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٠ی ئازار، لە رووی فەلەكییەوە دەبێتە دەستپێكی وەرزی بەهار لە نیوەگۆی باکووری زەوی بە گشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی".

لە درێژەی نووسینەکەیدا ئەژی چەتۆ دەڵێت " بە پێوانە فەلەكییەكان، کاتژمێر ٦:٠٦ خولەکی بەیانی رۆژی چوارشەممە، زەوی دەگاتە یەكێک لە خاڵە هەرە ناودارەكانی خۆی لە كاروانی دوور و درێژی خولانەوەی بەدەوری خۆر، ئەویش خاڵی (هاوسەنگبوونی بەهاریی) (Vernal Equinox) ە كە لە هەمان كاتدا مانای نیمچە یەكسانبوونی تەواوی ماوەی نێوان شەوو رۆژ بۆ ١٢ بە ١٢ كاتژمێر دەگەیەنێت".

" (هاوسەنگبوونی بەهاریی) یان (Vernal Equinox) لە ٢٠ یان ٢١ یان بە دەگمەن لە ٢٢ی ئازاری هەموو ساڵێك دووبارە دەبێتەوە، تیشكی خۆر تیایدا بە شێوەیەكی ١٠٠٪ یی دەكەوێتە سەر (هێڵی یەكسانی)، چونكە بەپێی لاریی تەوەری خولانەوەی زەوی لەسەر خولگەكەی بەدەوری خۆردا بە ئاستی ٢٣ پلە، تیشكی خۆر هەڵبەزین و دابەزین دەكات و لاربوونەوە و ستوونبوون لەسەر هەردوو نیوەگۆیەكانی باكوور و باشووردا بەخۆیەوە دەبینێ، بەمەش گۆڕانكاریی بەرچاو لە پلەكانی گەرمادا سەرهەڵدەدەن و ماوەی شەو و رۆژ درێژبوونەوەو كورتبوونەوە بەخۆیانەوە دەبینن. ئابەم شێوەیە، لەنیوەگۆی باكووردا (وەرزی بەهار) دەست پێدەكات و لەهەمان كاتدا (یەكسانبوونی پاییزی) لەنیوەگۆی باشووردا دەست پێدەكات، واتە لە وڵاتەكانی باشووری هێڵی كەمەری زەوی دەستپێكی پاییزە".( ئەژی چەتۆ وا دەڵێت ).



PM:02:24:20/03/2024