پەرلەمانی عێراق سەرۆكی نوێ‌ هەڵدەبژێرێت

په‌رله‌مانی عێراق بریاریدا ڕۆژی شەممەی داهاتوو، ١٨ی ئایار سەرۆکی نوێی پەرلەمان هەڵبژێرێت.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بڕیاریان داوە شەممەی داهاتوو ١٨ی ئایار، وەك ڕۆژی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی په‌رله‌مان دیاری بكەن.

له‌دوای لابردنی محه‌مه‌د حه‌لبوسی، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق به‌ بریاری دادگای فیدڕاڵی، نزیكەی شەش مانگە په‌رله‌مان بێ سه‌رۆكه‌، بۆ پركردنه‌وه‌ی پۆسته‌كه‌ش سوننه‌كان نه‌گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر كاندیدێك كه‌ جێی ره‌زامه‌ندیی شیعه‌كان بێت.

محەمەد سەهیود، سەرۆکی فراكسیۆنی ئەجیال لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە" هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەنگ لەسەر کەسایەتییەکی دیاریکراو نادەن بۆ سەرۆكی پەرلەمان، بەڵکو بەشێکیان دەنگ بە پەرلەمانتار مەحمود ئەلمەشهەدانی دەدەن، ئەوانی دیکەش دەنگ بە پەرلەمانتار سالم ئەلعیساوی دەدەن".

ئاماژەی بەوەشکردووە، کاندیدی پارتی تەقەدوم، تەلال الزوبەعی، چانسی لاوازی هەیە.


PM:05:01:13/05/2024