داواکاری گشتی هەرێم: چەند کەس و لایەنێک دەستیان كردووه به شاڵاوێكی ناڕەوا لە دژمان

داواکاری گشتی هەرێم جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ماوەیەکە " چەند کەس و لایەنێک دەستیان كردووه به شاڵاوێكی ناڕەوا لە دژی ئەم دەزگا". ئەوە لە کاتێکدایە لە کەیسی دەستگیرکراوەکانی بادینانەوە، هەندێک ناوەند ئەم دەزگایە بە داکۆیکار لە دەسەڵاتی سیاسی ناوزەد دەکەن، هەندێكی تریش داکۆکیان لێدەکەن.

 
داواکاری گشتی هەرێم لە راگەیاندنێکدا کە ئەمڕۆ یەک شەممە ٢١ ی شوبات بڵاوکراوەتەوە تیایدا هاتووە " بە هیچ شێوەیەک کۆڵ نادەین لە راپەڕاندنی کارەکانمان و هەموو لایەك دڵنیا دەکەینەوە، كه درێژه پێدەری كارەكانمان دەبین له چەسپاندنی سەروەری یاسا و پاراستنی بنەماکانی مافی مرۆڤ و پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتیان و پاراستنی قەوارەی یاسایی هەرێمی کوردستان".


دەقی راگەیەندراوەکە:

 
لای هەمووان ئاشكرایه كه دەزگای داواکاریی گشتی دەزگایەکی یاسایی سەربەخۆیە و رۆڵی بەرچاوی هەیه له پاراستنی سەروەری یاسا و بنەماکانی مافی مرۆڤ و جێبەجێکردنی یاسا، بەڵام ئەو ماوەیە چەند کەس و لایەنێک دەستیان كردووه به شاڵاوێكی ناڕەوا لە دژی ئەم دەزگایە  و ئه ندامەکانی و هەوڵدەدەن خەڵكی هەرێمی كوردستان چەواشه بکەن و به لاڕێدا بیانبەن و تانه له سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریی و دەزگا یاسایی و شەرعییەکان دەدەن، لەکاتێکدا دەزگای داواکاریی گشتی وەکو سەربازێکی ون، شەو و رۆژ کار دەکات لەپێناو سەروەری یاسا و پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتیانی خوشەویست، بە هیچ شێوەیەک کۆڵ نادەین لە راپەڕاندنی کارەکانمان و هەموو لایەك دڵنیا دەکەینەوە، كه درێژه پێدەری كارەكانمان دەبین له چەسپاندنی سەروەری یاسا و پاراستنی بنەماکانی مافی مرۆڤ و پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتیان و پاراستنی قەوارەی یاسایی هەرێمی کوردستان.

 
سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان




PM:02:31:21/02/2021