پسپۆری بواری تیرۆو ئیسلامی سیاسی نیاز سەعید دەڵێت" لەقۆناغی داهاتوودا داعش پلان دائەڕێژێ بۆ ئەوەی لەیەكەم هەنگاودا، ناوچە دابڕێندراوەكانی هەرێمی كوردستان داگیربكاتەوە، پاشان پەلاماری شارو شارۆچكەكانی تری هەرێمی كوردستان بدا، ئەگەر ئەو پەلاماردانانەشی بۆ نەچێتەسەر، بەهۆی نزیكییەوە لەشاری زاخۆ، هەوڵئەدا هەڕەشە دروستبكا لەسەر گواستنەوەی نەوتی كوردستان بۆ تووركیا".
نیاز سەعید لە میانەی چاوپێكەوتنێكی كە لە گۆڤاری سپی میدیا ژمارە 15 بڵاوكراوەتەوە، دەڵێت"لەدیدو ئەدەبیاتو جیهانبینی (داعش)دا زۆرینەی كورد پابەندنین بەڕێبازی ئایینی ئیسلام،هەروەها سیستەمی فەرمانڕەوایی كوردستان؛بەسیستەمێكی تاغووتییو جاهیلییو كافریی لەقەڵەمئەدەن و بەشایەنی ژێروژووركردنی ئەزانن".
ئەو ژمارەی داعش لەم كاتەدا بە 10 هەزار چەكدار دەخەمڵێنێتو دەڵێت"بێجگە لە(داعش)،حیزبی بەعس و عەشیرەتە سووننەكانی عەرەب و چەندین ڕێكخراوی تری ئیسلامی سیاسی چەكدار، بەشدارییان لەو هێرشە بەرفراوانانەی موسڵ و ناوچەكانی تردا كردووە".
نیاز سەعید لەسەرئەوەی بۆ تا ئێستا داعش شەری هەرێم و كورد ناكەن، دەڵێت " ئەگەر (داعش) لەم قۆناغەدا خۆی كەنارگیربكات و خۆی بپارێزێت لەشەڕی بەرەیی لەدژی كورد،ئەو خۆ كەنارگیركردنە،خۆ كەنارگیركردنێكی تاكتیكییو كاتییە،بۆ ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان نەكەوێتە شەڕەوە لەدژیان و نەبێتەهۆی گۆڕینی هاوسەنگی هێز بەزەرەریان".
دەقی چاوپێكەوتنەكە لە گۆڤاری سپی میدیا بخوێنەرەوە كە ئێستا لەكتێبخانەكاندا دەستدەكەون.