سیستانی بەبێ بەشداری هیچ بەرپرسێکی حکومی‌و حیزبی لەگەڵ پاپا کۆبوەوە

کۆبوونەوەی نێوان سیاستانی و پاپا فرانسیس کە نزیکەی ٥٥ خولەکی لە نەجەف خایاند، بەبێ بەشداری بەرپرسانی حکومی و حیزبی عێراقی بەڕێوەچوو.
لە زۆرێک لەو کۆبوونەوانەی کە لە دوێنێوە پاپا هاتۆتە عێراق، رێگا بە میدیاکان دراوە بەشێوەی راستەوخۆ کۆبوونەوەو دیدارەکانی پاپا فرانسیس بڵاوبکرێتەوە، بەڵام ئەمڕۆ لەسەر داوای سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەکان کۆبوونەوەکە پەخش نەکراو تەنها رێگایەکی سنوردرا درا کە چەند وێنەیەکی دانیشتنەکە بڵاوبکرێتەوە، هەروەها دوای کۆبوونەوەکە نووسینگەی سیستانی راگەیاندنێکی کورتی بڵاوکردەوە.


لە راگەیاندنەکەدا هاتووە " گفتوگۆ کراوە لەسەر ئەو کێشە گەورانەی ڕووبەڕووی مرۆڤایەتی بوونەتەوە و ڕۆڵی باوەڕ بە خوای باڵادەست (الایمان بالله) و بە پەیامەکانی و پابەندبوون بە بەها ئەخلاقییە بەرزەکان و سەرکەوتن بە سەریاندا."  


  
لەراگەیاندنەکەشدا هاتووە "سەماحەتی سیستانی باسی گیرخواردنی زۆربەی وڵاتان کرد بە دەستی ستەم و ڕق و هەژاری و چەوسانەوەی ئاینی و فیکری و کپکردنی ئازادییە بنچینییەکان و نەبوونی دادگەری کۆمەڵایەتی کرد، بە تایبەت ئەوانەی کە گەلی ناوچەکەمان دەیچێژن لە شەڕ و کاری تێکدەرانە و گەمارۆی ئابوری و ئاوارەکردن و چەند شتێکی تر، بە تایبەت گەلی فەڵەستین لە خاکی داگیرکراودا."  


  


نووسینگەی سیاستان ئەوەش دەخەنەڕوو  کە پێویستە سەرکردە ئاینی و ڕۆحییەکان رۆڵ بگێڕن بۆ وەستاندنی ئەم نەهامەتییانەو، دەڵێت" پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان بە تایبەت هێزە گەورەکان هان بدرێن کە ژیری و دانایی زاڵ بکەن بەسەر زمانی شەڕدا، هەروەها بەرژەوەندییە تایبەتییەکانیان لەسەر حسابی مافی گەلان بۆ ژیانێکی ئازاد و بەڕێز فراوان نەکەن."  


  
سیستانی هیواشی خواستووە کە ئەم دۆخەی ئێستای تێپەڕێنرێت و، جەختیشی کردۆتەوە کە پێویستە هەموو هاوڵاتیانی مەسیحی وەک گەلانی تری عێراقی لە ئاسایش و ئاشتی تەواودا بژین و مافی تەواوی دەستورییان هەبێت.

 
دوای تەوابوونی کۆبوونەکە، پاپا فرانسیس گەیشتە ناسریە بۆ بەشداریکردن لە ئەنجامدانی نوێژێکی هاوبەشی مەسیحی و موسڵمانەکان لە مەزرگای ئوری شارستانی.

 


PM:12:13:06/03/2021