هێرش کرایە سەرتیمى رۆژنامەوانى کەناڵی ئێن ئاڕ تی

سەرلەبەیانى ئەمڕۆ بەمەبەستى ڕووماڵى کار و چالاکیەکانى پەرلەمانی کوردستان تیمى رۆژنامەوانى ئێن ئاڕ تی لە بەردەم باڵەخانەى پەرلەمان لە لایەن هێزە ئەمنیەکان هێرشیان کرایە سەر.

کەناڵی ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاند" لەلایەن بەرپرسی پاسەوانەکانی پەرلەمانی کوردستانەوە، هێرشکرایە سەر تیمی رۆژنامەنوسی ئێن ئاڕ تی لە بەردەم پەرلەمانی کوردستاندا، لە کاتێکدا کە دەیانویست ڕووماڵى ڕێگرى کردن لە چوونە ژوورەوەى کازم فاروق سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ بکەن بۆ ناو هۆڵی پەرلەمان".

کازم فاروق سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە لێدوانێکدا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند" ئەوەی ئەمان ئەیانەوێت پێکەوە دزینە و ئەوەی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی دەیکات شەرم و ناشرینییە، پێویستە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کعوردستان داوای لێبووردن لە زیاتر لە ١٢٠ هەزار دەنگدەری ئێمە بکەن".

هاوکات لای خۆشیەوە مژدە مەحمود ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا وتی" ئەوەی ئێستا دەکرێت تەنها بۆ سەرقاڵکردنی خەڵکە، رێگریکردن لە کازم فاروق دیارە بە بڕیاری حکومەتە تا باسی لێبڕین و لێدزینی موچە نەکات، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەشدارە لە لێدزینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم".

سەرلەبەیانى ئەمرۆ پەرلەمانى کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بۆ گفتوگۆکردن له‌سه‌ر پاراستنی ئاشتیى كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕێزگرتن له‌به‌ها پیرۆزه‌ ئاینی و كۆمه‌لایه‌تییه‌كان و ئازادییه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی مرۆڤ دەستپێکرد. 


PM:12:13:27/04/2021