زانیاری نوێ لەسەر ئۆپراسیۆنەکەی شەوی ڕابردووی نێوان پێشمەرگە و هاوپەیمانان ئاشکراکرا

‌وێنەیەکی ئۆپراسیۆنەکە
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان زانیاری نوێ لەسەر ئۆپراسیۆنەکەی شەوی ڕابردووی نێوان پێشمەرگە و هاوپەیمانان ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنێت" شەوی ڕابردوو هێزە تایبەتەکانی هاوپەیمانی و فەڕەنسی و بە یارمەتی لیوای ١٤٤، لە ئاسمان و زەوییەوە لە ناوچەی (کاوێر کەوا و داوێ) پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان ناوچەیەکی فراوانی داعشیان پاکردەوە".

شێخ جەعفەر شیخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئاماژەی بەوەکردووە" لە تۆڵەی دواین شەهیدانی دەستی داعش، شەهید (نەقیب پشتیوان قەرەنی، هێمن یەحیا، ئیدریس بەهرام و موحسینی حاجی حسێن) و بریندارەکانی ئەم دواییە، دوێنێ شەوی ڕابردوو لە ئۆپراسیۆنێکی چڕی (٢٤) کاتژمێریدا، هێزە تایبەتەکانی گۆڵدن فۆرس سەر بە لیوای کۆماندۆ لە ژێر فەرماندەی هێزەکانی ٧٠ و بە سەرپەرشتی هێزە تایبەتەکانی هاوپەیمانی و فەڕەنسی و بە یارمەتی لیوای ١٤٤، لە ئاسمان و زەوییەوە لە ناوچەی (کاوێر کەوا و داوێ) پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان ناوچەیەکی فراوانی داعشیان پاکردەوە".

ئەوەشی خستەڕوو، لەو ئۆپراسیۆنەدا ژمارەیەک لە تیرۆرستانی داعش کوژرا، چەند بنکەیەکی جێنشینیان وێران کرا، دەست گیرا بەسەر چەندین چەک و زانیاری گرنگ.

AM:10:45:02/06/2021