ئۆپراسیۆنێکی هاوبەشی پێشمەرگەو سوپای عێراق لە گەرمیان ئەنجام دەدرێت

جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جەعفەرشێخ مستەفا رایگەیاند " لە ئۆپراسیۆنەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی پێشمەرگە و سوپای عێراق گورزێکی کوشندە بەر تیرۆریستانی داعش لە گەرمیان کەوت کە کوژرانی چەند تیرۆریستێکی لێکەوتەوە و سێ ئۆتۆمبێل کرانە ئامانج و سوتێنران".

لە راگەیاندراوێکدا، جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات " بەیانی ئەمڕۆ لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی ئاسمانی و وشکانی لە نێوان هێزە تایبەتەکانی لیوای کۆماندۆی سەر بەفەرماندەیی هێزەکانی حەفتا، لەگەڵ هێزەکانی دژە تیرۆری عێراقی، بە پاڵپشتی هێزەکانی هاوپەیمانانی دژ بە داعش لە عێراق، هێرش کرایە سەر بنکە شاراوەکانی تیرۆریستانی داعش لە گوندی پەلکانە و قۆریچایی لە سنوری نێوان قەزای کفری و خورماتو".

هەروەها هاتووە " لە ئۆپراسیۆنەکەدا گورزێکی کوشندە بەر تیرۆریستانی داعش کەوت کە کوژرانی چەند تیرۆریستێکی لێکەوتەوە و سێ ئۆتۆمبێل کرانە ئامانج و سوتێنران، ئۆپەراسیۆنەکە بەردەوامی هەیە بۆ پاککردنەوە و نەمانی داعش لە ناوچەکەدا".

جێگری سەرۆکی هەرێم کە ئەمە دووەم راگەیاندنە لەسەر هێرش بۆ سەر داعش لەو ناوچەیە بڵاویدەکاتەوە، رایگەیاندوە " هێزەکانی پێشمەرگە ئامانجییەتی لە ڕێگای ئەو پلانانەی کە دایدەڕێژێت لەگەڵ هێزە عێراقییەکان، مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش لەو ناوچانە دوربخاتەوە و ئارامی سەقامگیری بۆ ئەو شوێنانە بگەڕێنێتەوە کە داعش لە هەوڵی تێکدانییەتی".



AM:10:51:06/06/2021