لە هەولێر رێکخراوی جاسەنە بۆ ئازادی بیڕوڕاو میدیا راگەیەندرا

ئەمڕۆ سێ شەممە  ٢٢ ی حوزەیران کاتژمێر چوار لەهۆتێل هەولێری نێودەوڵەتی ( شیراتۆن ) رێورەسمی راگەیاندنی ڕێکخراوی جاسەنە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە رۆژنامەوان و نوێنەری رێکخراوەکان و نوێنەرانی پەرلەمان و حکومەت بەڕێوەچوو.

لەو رێورەسمەدا ئەندامی دامەزرێنەری رێکخراو، نزار گزالی لە بری ئەندامانی بۆردی رێکخراو وتاری رێکخراوی" جاسەنە " ی خوێندنەوەو ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە " نزیکەی ساڵێک دەبێت ئەم گرووپە کە لە کەسانی بواری میدیایی پێکدێن، پرۆژەی پێکهێنانی رێکخراوێکمان لە بواری ئازادی کاری میدیایی و ئازادی بیروڕا و ئازادی لە بواری سۆشیال میدیادا گرتە ئەستۆی خۆمان، خۆشەبەختانە رۆژی ٦ ی ئایار ٢٠٢١ لە فەرمانگەی رێکخراوە نا حکومییەکان مۆڵەتی فەرمی ئەم رێکخراوەمان بە ناوی ( جاسەنە )وە وەرگرت".

لە بەشێکی تری وتارەکەی جاسەنەدا هاتوووە" جاسەنە، هەوڵدەدات هەر رێکخراوێک نەبێت بۆ نمایشکردن و پێشاندانی هەڵوێست و بەیاننامە بڵاوکردنەوەو، بەڵکو ڕێکخراوێک بێت کە بچێتە بنجو بناوانی کێشە میدیایی و کەلتوری و یاساییەکانەوەو، لەبەر رۆشنایی پێودانگە نێو دەوڵەتییەکانی بواری ئازادی بیرڕوا و ئازادی میدیا دەست بخاتە سەر کەموکوڕییەکان و، دوای دەستنیشانکردنی قوڵی کێشەکان و نیشاندانی رێگا چارە، دامەزراوە پەیوەندیدارەکان و رای گشتی خەڵکی کوردستانی لێ ئاگادار بکاتەوە".

نزار گەزالی وتیشی" ئێمە دۆخی ئازادی لە کوردستاندا بەشێوەیەکی گشتی بە دۆخێکی پۆزەتیڤ ناوزەد ناکەین و سەرباری هەبوونی چەند یاساییەکی بواری رۆژناگەری " مەقبول "، بەڵام دۆخەکە لە خراپیدا ئێرەیی پێنابرێت و مەترسی خراپبوونی زیاتریش لێدەکرێت، لەمەدا ئەگەر دەسەڵاتی کوردی بەرپرسی یەکەم بێت لە تێکچوون و پاشەکەشی دۆخی رۆژنامەگەری لە کوردستاندا، کەمیش نین ئەو حاڵەتانەی کە کاری رۆژنامەگەری ئێمەش پێویستی بە چاوخشانەوەو هەڵوێستە کردن هەیە، جاسەنە هەر وەک چۆن هەوڵدەدات داکۆکی لە ئازادی بیروڕاو ئازادی سۆشیال میدیاو ئازادی رۆژنامەگەری بکات، هاوکات هەوڵدەدات بەشداربێت لە پڕکردنەوەی ئەو کەلێنانەی لە ژیانی رۆژناگەری ئێمەدا لە رووی پیشەیی و ئێتیکی رۆژنامەوانییەوە هەیە".


ناوبراو ئەندامانی بۆردی رێکخراوەکەی بە بەشداربووان ناساند کە پێکهاتوون لە ( عەبدولکەریم عەلی، ئەحمەد موفتی، نزار گەزالی، کامیل عومەر، عەبدولحەمید زێباری، شوان محەمەد ).

لە بڕگەیەکی تری رێورەسمەکەدا، بارزان ئەکرەم مەنتک سەرۆکی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان لە میانەی وتارێکدا باسی گرنگی ڕێکخراوە ناحكومییەکانی لە کۆمەڵگای کوردیدا کردو سیاسەتی حکومەتی هەرێمی لەو بوارەدا روونکردنەوە.

دواتر راوێژکاری پەرلەمان، تاریق جەوهەر وتاری لیژنەی رۆشنبیری پەرلەمانی خوێندوەو باسی لەو پرۆژە یاسایانەی تایبەت بەبواری میدیا کرد کە سەرقاڵی ئامادەکردنینی بۆ پەرلەمانی کوردستان.

دەقی وتاری " جاسەنە " کە لە مەراسیمەکەدا خوێندرایەوە:

ئامادەبووانی بەرێز..
ئەم کاتەتان باش..
نزیکەی ساڵێک دەبێت ئەم گرووپە کە لە کەسانی بواری میدیایی پێکدێن، پرۆژەی پێکهێنانی رێکخراوێکمان لە بواری ئازادی کاری میدیایی و ئازادی بیروڕا و ئازادی لە بواری سۆشیال میدیادا گرتە ئەستۆی خۆمان، خۆشەبەختانە رۆژی ٦ ی ئایار ٢٠٢١ لە فەرمانگەی رێکخراوە نا حکومییەکان مۆڵەتی فەرمی ئەم رێکخراوەمان بە ناوی ( جاسەنە )وە وەرگرت.

ناوی رێکخراوەکە ( جاسەنە ) ناوی ئەشکەوتێکە بەبناری چیایەکی بەرزەوەیە لە ناوچەی سورداش لە رۆژئاوای شاری سلێمانی کە پاش هێرشی فڕۆکەکانی سوپای ئینگلیز لە ساڵی ١٩٢٣، شێخ مەحموودی حەفید ئەو ئەشکەوتەی کردە پەناگەیەک و چاپخانەیەکی تێدا دامەزراند و یەکەم ڕۆژنامەی شۆڕشەکەی بەناوی  ( بانگی حەق لە ٢ ی ئازاری ١٩٢٣ دا تێدا چاپکرد). لەو دەمەوە ناوی ئەم ئەشکەوتە ( جاسەنە ) بۆتە ناوێکی مێژووی و میدیایی گەشاوەی بواری رۆژنامەگەری و رۆشنبیری کوردی بۆ خەڵکی باشوری کوردستان و بگرە سەرتاسەری کوردستان.

رێکخراوی جاسەنە لەم دۆخە نوێیە  میدیایەی ئەمڕۆی کوردستان و کۆمەڵگای مرۆڤایەتی تیایدا دەژی، هەڵگری کۆمەڵێک ئەرک و بەرپرسیارێێتی تەواو جیاواز و هاوچەرخە کە دراوە میدیایی و تەکنۆلۆژییەکان بەسەر میدیاکاران و رۆشنبیراندا سەپاندوویەتی.

لەبەر رۆشنایی ئەو دراوە نوێیانە رێکخراوی جاسەنە وەک رێکخراوێکی بواری میدیای سەربەخۆ و قازانج نەویست کە ئەرکی دەستەبەرکردن و پاراستنی ئازادی بیروڕا و رۆژنامەگەری و ئازادی سۆشیال میدیایە ئامانجی سەرەکی  هەوڵدانە بۆ دورخستنەوەی میدیاكاران‌ و دەزگاكانی راگەیاندن لە وتاری رق‌و كینە و توندتیژی ‌و جیاكاری جێندەری‌و رەگەزی‌و ئەتنی‌و ئایینی‌و تایفەگەری. 

 ئامانجێکی تری هەوڵدانە بۆ بڵاوكردنەوەی گوتاری یەكتر قبوڵكردن‌ و لێبوردەیی لەنێو میدیاكار ‌و مەیدانی گشتی گروپەكانی كۆمەڵگادا.

هەوڵدان بۆ چاککردنی ناوەرۆکی سۆشیال میدیاو هەمواركردنەوەو دەرچواندنی یاساكانی پەیوەندیدار بە بواری میدیاو سۆشیال میدیا، كە زۆرترین رووبەر بۆ ئازادی بیروڕا دەستەبەر بكات، ( جاسەنە ) بە بەشێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی خۆی دەزانێت.

شان بەشانی ئەم ئامانجانە رێکخراوی جاسەنە هەوڵدەدات خاوەنی گوتاری سەربەخۆی خۆی بێت و دروو بێت لە کاریگەری هەژموونی حیزب و دەسەڵاتی حکومەت و دەسەڵاتی هەر جۆرە پێکهاتەیەکی تری کۆمەڵگای کوردیەوە، لەرووی داراییشەوە هەوڵدەدات بەپێی توانا پشت بەخۆی ببەستێت و ئەو بودجەیەی بەهۆی ئەنجامدانی پرۆژەكانی رێكخراوە بەخشەرە بیانی‌ و نێودەوڵەتییەكان دەستیدەكەوێت، یان پاڵپشتیكردنی پرۆژەكانی رێكخراو لەلایەن كەرتی تایبەتەوە، شەفافانە مامەڵەی لەگەڵ دەکات لەسەر ئاستی ناوخۆی رێکخراوەکەو لەسەر ئاستی دەرەوەش و رای گشتییش لێ ئاگادار دەکاتەوە.

جاسەنە، هەوڵدەدات هەر رێکخراوێک نەبێت بۆ نمایشکردن و پێشاندانی هەڵوێست و بەیاننامە بڵاوکردنەوەو، بەڵکو ڕێکخراوێک بێت کە بچێتە بنجو بناوانی کێشە میدیایی و کەلتوری و یاساییەکانەوەو، لەبەر رۆشنایی پێودانگە نێو دەوڵەتییەکانی بواری ئازادی بیرڕوا و ئازادی میدیا دەست بخاتە سەر کەموکوڕییەکان و، دوای دەستنیشانکردنی قوڵی کێشەکان و نیشاندانی رێگا چارە، دامەزراوە پەیوەندیدارەکان و رای گشتی خەڵکی کوردستانی لێ ئاگادار بکاتەوە.


رێکخراو، سازدانی پانێڵ ‌و ۆركشۆپ‌ و كۆرسی راهێنان‌ و كۆڕو سیمینارو كۆنگرەو كۆنفرانس‌و هەر چالاكییەكی تری مەدەنی و نووسین و ئامادەكردنی كتێب ‌و نامیلكە و توێژینەوە و لێكۆڵینەوەی زانستی، میکانیزمی جێبەجێکردنی ئامانجەکانی دەبێت.

یەکێک لە سیماکانی ژیانی پلوراڵی کۆمەڵگا بوونی زیاتر لە رێکخراوێکە بۆ بوارە جیاجیاکان، لەم روانگەیەوە رێکخراوی جاسەنە کار ناکات بۆ ئەوەی بەدەیلی هیچ رێکخراوێکی بواری میدیای بێت لە کوردستانداو و هەوڵدەدات خاوەنی شوناسی پیشەیی  و سەربەخۆی خۆی بێت و هاوکات ئامادەی کاری هاوبەشە لەگەڵ رێکخراوە لۆکاڵی و نێودەوڵەتییەکاندا بە ئامانجی پێشخستنی بواری کاری رۆژنامەگەری و زیادکردنی پانتای ئازادی لە کوردستان و عێراقدا.

لە کۆتاییدا بە پێویستی دەزانین کەمێک لەسەر دۆخی میدیای و ئازادی بیروڕاو ئازادی رۆژنامەگەری لە کوردستاندا بوەستین، لە روانگەی کاری رێکخراوەکەمان لەم بوارەداو بەرپرسیارێتیمانەوە، ئێمە دۆخی ئازادی لە کوردستاندا بەشێوەیەکی گشتی بە دۆخێکی پۆزەتیڤ ناوزەد ناکەین و سەرباری هەبوونی چەند یاساییەکی بواری رۆژناگەری " مەقبول "، بەڵام دۆخەکە لە خراپیدا ئێرەیی پێنابرێت و مەترسی خراپبوونی زیاتریش لێدەکرێت، لەمەدا ئەگەر دەسەڵاتی کوردی بەرپرسی یەکەم بێت لە تێکچوون و پاشەکەشی دۆخی رۆژنامەگەری لە کوردستاندا، کەمیش نین ئەو حاڵەتانەی کە کاری رۆژنامەگەری ئێمەش پێویستی بە چاوخشانەوەو هەڵوێستە کردن هەیە، جاسەنە هەر وەک چۆن هەوڵدەدات داکۆکی لە ئازادی بیروڕاو ئازادی سۆشیال میدیاو ئازادی رۆژنامەگەری بکات، هاوکات هەوڵدەدات بەشداربێت لە پڕکردنەوەی ئەو کەلێنانەی لە ژیانی رۆژناگەری ئێمەدا لە رووی پیشەیی و ئێتیکی رۆژنامەوانییەوە هەیە.
-ئەندامانی بۆردی ڕێکخراو:

-عەبدلەکەریم عەلی نەجم
-نزار گەزالی
-ئەحمەد موفتی
-کامیل عومەر
-عەبدولحەمید زێباری
-شوان محەمەد


 

PM:10:42:22/06/2021