نوێنەرانی کورد لە بەغداد: پێویستە ئومێد بەرۆشکی قەرەبوو بکرێتەوە و پاداشت بکرێت

دوای ئەوەی دوێنێ دادگای دهۆک بڕیاری ساڵێک زیندانیکردنی بۆ ئومێد بەرۆشکی یەکێک لەچالاکوانەکانی بادینان دەرکرد، لەوبارەیەوە ژمارەیەک لە نوێنەرانی کورد لە بەغداد ئاماژە بەوەدەکەن" پێویستە ئومێد بەرۆشکی قەرەبوو بکرێتەوە و پاداشت بکرێت

له‌راگه‌یه‌ندراوێكی هاوبەشدا نوێنه‌رانی هاوپه‌یمانی هیوا له‌ لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق کە لە هەریەک لە سەرکەوت شەمسەدین، غالب محەمەد عەلی، رێبوار کەریم مەحمود، ئەحمەد حاجی رەشید، پێکهاتووە باس لەوەدەکەن، دوێنێ دادگای کەتنی دهۆک حوکمی ساڵێک و دوو مانگ و سزای دارایی بەسەر رۆژنامەنوسی لاو ئومێد بەرۆشکی دا سەپاند، ئێمە ئەم حوکمەی دادگای دهۆک بە سیاسی و زاڵمانە دەزانین دەرهەق رۆژنامەنوسی لاو ئومێد بەرۆشکی کە تاکە تاوانی گواستنەوەی زانیاری دروست و تەسلیم نەبونە بە ترس و تۆقاندن.

هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" ئەمە لەکاتێکدایە کە ئومێد بەرۆشکی و ژمارەیەکی زۆر لە ئازادیخوازانی بادینان ماوەی ساڵێکە بە ناحەق لە زیندانەکانی ژێر دەسەڵات راگیراون بەبێ بونی رێکاری دادگەرانە و دەرفەتی پێویست بۆ بینینی پارێزەر پێش لێکۆڵینەوە". 

ئەوەشیان ڕاگەیاندووە، بەدڵنیای حوکمی دادگا دژی ئازادیخوازانی بادینان دەسەڵاتی ستەمکار رسواتر و ئازادیخوازانیش شکۆدار تر ئەبن، هەروەك دەبینن لەکۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا رەتکردنەوەیەکی گەورە هەیە سەبارەت بەو حوکمە زاڵمانە، ئومێد و هاورێکانی دەبێت بە باشترین شێوە رێزی ماندوبون و کارەکانیان بگیرێت تا بتوانن رۆشنایی بخەنە سەر تاریکییەکانی دەسەڵات.


PM:01:39:23/06/2021