هەولێر.. " دژە تیرۆر منداڵەکەیان کووشتین "

لە دەشتی هەولێر ماوەیەک لەمەوبەر منداڵێک دەکوژرێت، دۆسیەکەی لە دادگا ناڕوات بەڕێوە، کەسوکارەکەی دەڵێن" پێیان وتین دژە تیرۆر کوڕەکەیانی کووشتووە".

ئەمڕۆ شەممە برایەکی ئەو مێردمنداڵە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، " ڕۆژی ٩ ی ئەم مانگە چەند كەسێك بە ماتۆڕ هەواڵی كوژرانی براكەمیان پێ گەیاندم، كاتێك چوومە بنكەی پۆلیس، بەڕێوەبەری بنكە پێی وتم، براكەت لەگەڵ كەسێكی دیكە لە مەفرەزەی هاوبەشیانداوە و دژەتیرۆر براكەتیان كوشتووە."  

هەروەها ئەو برایەی گەنجە کوژراوەکە وتیشی " من بۆ بەڵگە بە گرتەی ڤیدیۆیی لامە کە لەپزیشکی دادوری گرتم  تەرمی براکەم حەوت گولـلەی پێوەبووە، جگە لەوەی شوێنی قەمەش لێی درابوو بە ١٨ تەقەڵ دوورابووەوە."  

لە بەرواری ٩ ی حوزەیران لە سنوری دەشتی هەولێر لە ڕووداوێکی نادیاردا مێردمنداڵێکی تەمەن ١٥ ساڵان کوژرا و تائێستا وردەکاریی ڕووداوەکە ئاشکرانەکراوە.  



PM:09:34:26/06/2021