بەڕێوەبەری نوێی ئەزمەڕ ئێر: گۆڕانکاری نێو کۆمپانیاکە پەیوەندی بە کێشەکانی نێو یەکێتیەوە نییە


لە کاتێکدا ئەمڕۆ شەممە ١٠ ی تەموز بەڕێوەبەری رێگاپێدراوی کۆمپانیای ئەزمەڕ ئێر، بەکر سەعید گەڕایەوە سەر کارەکەی و لەبری پێشڕەو ئاوات قارەمانی دانرا، بەکر سەعید دەڵێت " گۆڕانکاری نێو کۆمپانیاکە پەیوەندی بە کێشەکانی نێو یەکێتیەوە نییە".

لەگەڵ گۆڕانکاری لە پۆستە ئەمنییەکانی دەزگای زانیاریدا کە لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە بڕیاری لەسەر دراو جێبەجێکرا، ئەمڕۆش بەکر سەعید بەڕێوەبەری پێشووی کۆمپانیای ئەزمەڕ ئێر کە کۆمپانیای کاربەڕێکەری گوندی کارگۆی فڕۆکەخانەی سلێمانی نێو دەوڵەتییە، گەڕێندرایەوە سەر کارەکەی و وەک بەرێوەبەر رێگاپێدراو دەستی بەکارەکانی کردەوە.

 لابردنی پێشڕەو ئاوات قارەمانی و جێگرەکەی کە ناوی کاروانەو گەڕاندنەوەی بەڕێوەبەرەکەی پێشوو، بەکر سەعید لەلای خەڵک بەو شێوەیە لێکدەدرێتەوە کە پەیوەندی بەو گۆڕانکاریانەوە هەیە کە بەهۆی ناکۆکی نێوان هاوسەرۆکانی یەکێتییەوە ئەنجام دەدرێت لە دامەزراوە ئەمنی و ئابوریەکانی سلێمانی، بەڵام بەکر سەعید لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی " سپی " رایگەیاند " ئەم گۆڕانکارییانە دوورن لەو کێشانەی ناو یەکێتییەوەو گۆڕانکاری تەواو ئیدارین".

بەکر سەعید کە بەرێوەبەری رێگاپێدراوەو وەک خۆی ئاماژەی بۆ کرد ئەندامی مەکتەبی دارایی یەکێتیەو  پشکەکانی کۆمپانیای ئەزمەڕ ئێر بەناویەوەیەتی، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەم گۆڕانکارییەی لە کۆمپانیاکەدا کراوەو، بەرێکەوت هاوکاتە لەگەڵ کێشەکانی ناو یەکێتیدا، بەڵام دوور و نزیک پەیوەندی بەو کێشانەوە نییەو رێوشوێنێکی تەواو ئیدارییە.

ئەمڕۆ شەممە ١٠ ی تەموز پێشڕەو ئاوات قارەمانی بەڕێوەبەری ئەزمەڕ ئێر و کاروان جێگرەکەی گۆڕدراون و بەڕێوەبەرە پێشووی کۆمپانیاکە، بەکر سەعید کرایەوە بە بەڕێوەبەر.

حکومەتی هەرێم گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای گۆلف ماردا هەیە بۆ بەڕێوەبردنی کارگۆی فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆ ماوەی ٥٠ ساڵ، کۆمپانیای ئەزمەڕ ئێرش یەکێکە لەو کۆمپانیاکانی کەسەر بە ئیداری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە و لایەنی جێبەجێکاری کارەکانی گوندی کارگۆی فڕۆکەخانەکەیە.



PM:03:24:10/07/2021