قوباد تاڵەبانی: دەزگا ئەمنیەکان بۆیان نیە دەستوەربدەنە کاروباری بازاڕ و سیاسەت و ژیانی تایبەتی خەڵک

ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جێگری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و قایمقامەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین کۆبوەوە، لە کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆکی حکومەت بەگرنگیەوە باسی ئەوگۆڕانکاری و پێویستیانەی کرد کە پێویستە حکومەت وئیدارەخۆجێیەکان ئەنجامیبدەن. 

ئەمڕۆ ھەینی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم لەگەڵ لێپرسراوانی بەشێک لە یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگای سلێمانی کۆبووەوە و رایگەیاند" ئەرکی سەرەکی فەرمانگە حکومییەکان خزمەتکردنە و کاری جدی دەکەین بۆ گەیاندن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بەھاوڵاتیان و جێبەجێکردنی پڕۆژەکان لە سنوری پارێزگای سلێمانی، جێگری سەرۆکی حکومەت".

وتیشی" پڕۆسەیەکی گۆڕانکارییان دەست پێکردووە و کرۆکی گۆڕانکارییەکان لە سەر بنەمای توانا و دڵسۆزی و خزمەتکردن دەبێت".

قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند" ئامانج لە گۆڕانکارییەکان بۆ باشتر بەڕێوەچونی کارەکانی حکومەت و خزمەتکردنی زیاتری ھاوڵاتیانی سنوری پارێزگای سلێمانییە، ئەو کەسانەی کاری باش دەکەن و خزمەتی ھاوڵاتیان دەکەن پاڵپشتی تەواو دەکرێن، بەڵام لەبەرامبەردا قورسترین سزای ئەو کەسانە دەدرێت کە تێوەبگلێن لە گەندەڵی و پۆست و پێگەکانیان بۆ مەرامی تایبەتی بەکاربھێنن و دڵسۆز نەبن لە جێبەجێکردنی ئەو ئەرکەی کە پێیان سپێردراوە".

ئەوەشی خستەڕوو، بەھیچ جۆرێک رێگە بە ھێزە ئەمنییەکان نادرێت دەستێوەردان لە کاروباری بازاڕ و سیاسەت و بژێوی ژیانی خەڵکدا بکەن، تەنیا ئامانج لەم بڕیار و گۆڕانکارییانە خزمەتکردنی زیاتری ھاوڵاتیان و جێبەجێ کردنی ئەرکی دامەزراوەکانی حکومەتە لە ئاستێکی باش و پێویستدا لە بەرامبەر خەڵک و رێگریکردن لەھەر ھەڵەو کەموکورتییەک کە زیان بە ژیان و کاسبی خەڵک بگەیەنێت.


PM:03:45:16/07/2021