زانیارى نوێ لەسەر کێشەى هاوسەرۆکانى یەکێتى ئاشکراکرا

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی پلانی هەیە دوای جەژن چارەسەری ئەو دۆخەی ئێستای ناو یەکێتی بکات". 
 
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئەمشەو سێشەممە لەچاوپێکەوتنێکدا بە ڕووداوی ڕاگەیاند" هەڵبژاردنی ئەمجارە زۆر بەزەحمەت سەردەگرێت و لایەنەکانیش بەگومانەوە سەیری سیستەمی هەڵبژاردن دەکەن، نەبوونی رێککەوتن و بڕوابەخۆبوون لەنێوان لایەنە سیاسییەکان و دەستێوەردەرانی وڵاتانی دەرەوەش رێگرن لەهەڵبژاردنی ئەمجارە".  

لەبارەی کێشەکانی ئەم دواییەی نێو یەکێتی، سەعدی ئەحمەد پیرە دەڵێت" سەرکردایەتی یەکێتی توانای کۆنگرەی هەیە، لەدوای جەژنیش ئەنجومەنی سەرکردایەتی بیر لەوە دەکاتەوە کە چۆن چارەسەری ئەو دۆخە بکات".  

سەبارەت بەهاوپەیمانێتییەکەی نێوان یەکێتی و گۆڕان ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی باسی لەوەکرد، هاوپەیمانییەتییەکە هیچ شتێکی نەگۆڕاوە و ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە کە دەبێت سەرۆکی هاوپەیمانییەتییەکە دەستنیشان بکرێتەوە، چونکە ئەو هاوپەیمانێتییە لەگەڵ کەسێک نەکراوە و لاهور شێخ جەنگیش خۆی دەستی لە پۆستی سەرۆکی هاوپەیمانێتیەکە کێشاوەتەوە، بۆیە ئەوە بەرپرسیارێتی سەرکردایەتی یەکێتییە ئەو پرسە چارەسەر بکات. 


PM:10:36:20/07/2021