لاهور جەنگی دەیەوێت سبەی کۆڕ بۆ گەنجان سازبکات


لاهور جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی بە نیازە سبەی یەک شەممە لە گردی سەرچنار کۆرێک بۆ گەنجان ساز بکات.

لاهور جەنگی کە ماوەیەکە زیاتر لە ماڵەکەی خۆی لە گردی سەرچنار دەبینرێت و پێچەوانەی پێشوو زۆر جموجوڵ ناکات و نا چێتە شوێنە گشتییەکان و شوێنی کۆڕوکۆبوونەوەکان، لەلایەن هەوادارانییەوە راگەیاندنێکی کورت بڵاوکراوەتەوە کە تیایدا هاتووە " رۆژی یەک شەممە رێکەوتی ٢٥-٧-٢٠٢١، جەنابی ھاوسەرۆک لاھور شێخ جەنگی کۆبونەوەیەکی بەرفراوان ئەنجامدەدا، لە شاری سلێمانی لەگەل توێژی گەنجان و لاواندا."

هەر لە راگەیاندنەکەدا هاتووە کە شوێنێ کۆڕەکە نزیک ماڵەکەیەتی لە سەرچنار- ھۆڵی تەلاری خێزانی کاتژمێر ٣:٣٠ پاش نیوەڕۆ.

لە ٨ ی تەموزەوە کە بافڵ تاڵەبانی، لاهور جەنگی تۆمەتبار دەکات بە قۆرخکردنی دەستەڵاتەکانی هاوسەرۆکی بۆ کاری نایاسایی و تۆمەتباری دەکات کە ژەهرخواردووی کردووە، ئەمە دووەم کۆڕی جەماوەرییە لاهور جەنگی سازیدەکات بۆ لایەنگرانی، سەرەتای هەفتەی رابردوو کۆڕێکی بۆ کەسوکاری شەهیدانی یەکێتی سازکرد، کۆڕی سبەینێش دووەم کۆڕیەتی کە بۆ گەنجانی یەکێتی سازیدەکات.



AM:09:11:24/07/2021