وەزیری نەوتی عێراق: دەبێت نەوتی هەرێم بەیەکجاریی رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بکرێتەوە

وەزیری نەوتی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەبێت لەم هەفتەیەدا گفتوگۆکان لەبارەی دۆسیەی نەوتی هەرێم بگەنە ئەنجام و دەڵێت" دەبێت نەوتی هەرێمی کوردستان بەیەکجاریی رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بکرێتەوە".

وەزیری نەوتی عێڕاق ، حەیان عەبدولغەنی بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاند" دوو لیژنەی یاسایی و هونەریی هاوبەش لەگەڵ هەرێمی کوردستان پێکهێنراوە بۆ رادەستکردنی دۆسیەی نەوت بە وەزارەتەکەیان و هەناردەکردنی لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە".

وەزیری نەوتی عێراق دەشڵێت"  دەبێت لەم هەفتەیەدا گفتوگۆکان بگەن بە ئەنجام و نەوتی هەرێمی کوردستان بەیەکجاریی رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بکرێتەوە".

ئاماژەی بەوەشداوە کە لیژنەکان پێکهاتوون لە نوێنەرانی هەردوو وەزارەتەکانی نەوتی و سامانە سروشتییەکانی هەرێم و بەغداد.

حەیان عەبدولغەنی راشیگەیاندووە" ئێستابەرهەمی نەوتی هەرێمی کوردستان رۆژانە ٣٧٥ هەزار بەرمیلە، لەوبڕەش رۆژانە ٤٦ هەزار بەرمیلی بەکاردەبرێت بۆ وەگەڕخستنی پاڵاوگەکان، ٣٢٩ بەرمیل دەمێنێتەوە، ئەمەش ئەو بڕەیە کە دەبێت رادەستی وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدڕاڵی بکرێت، تاوەکو لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردەی دەرەوەی وڵات بکرێت".



AM:12:04:05/05/2024