چۆنێتی ئاگادارکردنەوەی د. میران محەمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و هەوڵی دەستگیرکردنی

دادوەری دادگای دەستپاکی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ د. میران محەمەد  ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، بەتۆمەتی " تێوەگلانی لە دۆسیەی گەندەڵی و سپیكردنەوەی چەك و خەرجكردنی چەكی بەڵێندەران"دەردەکات، ‌‌هێزە ئەمنییەکانیش ئەمڕۆ پێنج شەممە بە مەبەستی ئاگادارکردنەوە لە فەرمانی دەستگیرکردنەکە دەچنە سەر ماڵی ناوبراو لە شوقەکانی بەهاران لە دووڕیانی سەرچنار.

ئەمڕۆ هێزێکی ئەمنی دەچنە سەر ماڵی د. میران محەمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی بە مەبەستی ئاگادارکردنەوەو دەستگیرکردنی لە شوقەکانی بەهاران، بەلآم بەوپێیەی ناوبراو لە ماڵەکەی خۆی نابێت، دەستگیرناکرێت.

بەپێی هەندێک زانیاری سەرەتایی پێدەچێت د. میران محەمەد پێشتر زانیبێتی کە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەردەچێت، هەر بۆیە لە ماڵ نەبووە.

ئێستا ناوبراو لە ماڵی لاهور شێخ جەنگییە، لە هۆتێل لالەزارە لە گردی سەرچنار کە بۆتە جێگای کۆبوونەوەی لایەنگرانی لاهور جەنگی لەدوا سەرهەڵدانی ناکۆکیەکانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی.

ئەمڕۆ پێنج شەممە دادگای لێکۆڵینەوەی دەستپاکی لە سلێمانی " بە تۆمەتی تێوەگلان لە دۆسیەی گەندەڵی و سپیکردنەوەی چەک و خەرجکردنی چەکی بەڵێندەران"، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ د. میران محەمەد عەباس ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەرچوو .

 دەرچوونی ئەم فەرمانی دەستگیرکردنە رای گشتی کردووە بە دوو بەشەوە، هەندێکیان پێیانوایە ئەمە دەستگیرکردنێکی سیاسییەو پەیوەندی بە ناکۆکی دوو هاوسەرۆکەوە هەیە، هەندێکی دیش دەڵێن فەرمانی دەستگیرکردنەکە لە جێگای خۆیدایەو ئەو دەمەی بەرێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بووە ئەو فایلی گەندەڵیانەی لەسەر بووە، بەلآم ئەو دەمە بە حوکمی ئەوەی کادیری پێشکەوتووی یەکێتی بووە چاوپۆشیان لێکردووە.
 

PM:06:56:29/07/2021