لە ساڵیادی جینۆسایدکردنی هاوڵاتیانی ئێزدی لە شنگال گۆڕان داوایەک ئاڕاستەی حکومەت دەکات

بزوتنەوەی گۆڕان لە ساڵیادی هێرشی داعش بۆ سەر شنگال راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات هەوڵەکانی زیاتر بخاتەگە و پشتیوانی خۆشى بۆ قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەوی شەنگال و کەسوکاری قوربانیانی ئەو تاوانە دەدەبڕێت. 

بزوتنەوەی گۆڕان ئەمڕۆ سێشەممە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" حەوت ساڵ بەسەر تاوانی جینۆسایدی ئێزییەکاندا تێدەپەڕێت، ئەنجامدانی ئەم تاوانە بەرامبەر هاوڵاتیانی ئێزدی لە شنگال، لەسەر دەستی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، بوەتە برین و ئازارێکی قوڵ لە یادەوەریی نەتەوەییماندا، لەم رۆژە خەمناکەدا وێڕای هاوخەمی بۆ کەسوکاری قوربانیانی ئەو تاوانە گەورەیە، هەمو پشتیوانیەکی خۆمان بۆ گێڕانەوەی ژیان و ئاوەدانکردنەوەی تەواوی ناوچەکانی شەنگال دەردەبرین".

ئاماژەی بەوەشکردوە" جەخت لە بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکە دەکەینەوە، پشتیوانی خۆشمان دەدەبڕین بۆ قەرەبوکردنەوەی ماددی و مەعنەوی شنگال و کەسوکاری قوربانیانی ئەم تاوانە گەورەیە، داواکاریشین حکومەتی هەرێم هەوڵەکانی زیاتر بخاتەگەر، بۆ دیاریکردنی چارەنوسی بێ سەروشوێنکراوان، لەگەڵ هەوڵدانی زیاتر بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شەنگال و دەوروبەری". 

بزوتنەوەی گۆڕان لەراگەیەندراوەکەدا باسی لەوەشکردوە، پێویستە لەسەر دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەتی عیراقی فیدراڵیش بەرپرسیارێتی خۆیان بەرامبەر ئەم تاوانە مرۆییە لە ئەستۆ بگرن و قەرەبوی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانی شەنگال بکەنەوە و، هەوڵی زیاتر بدەن بۆ خزمەتی ئاوەدانکردنەوە و بونیادنانەوەی شنگال. 


AM:10:48:03/08/2021