کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان زەنگی داروخانی کەرتی پەلەوەر لێدەدات


کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان بۆجارێکی دیکە زەنگی داروخانی کەرتی پەلەوەر لە هەرێمی کوردستان لێ دەدات و رایدەگەیەنن خاوەن پرۆژەکان بەرەو مایەپوچبون دەڕۆن.

نازم عەبدووڵا جاف، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان ڕایدەگەیەنێت" کەرتی پەلەوەر لەئێستادا بەتەواوی مەترسی هەرەسهێنانی لەسەرە هیچ لایەنێک خۆی ناکات بەخاوەنی ئەم کەرتە، پشتیوانی تەواومان ناکەن بۆمانەوە و لەسەر پێوەستانی خۆی کە دەرفەتی کاری بۆ هەزاران خێزان رەخساندووە".

راشیگەیاند" لەئێستادا بەردەوام نرخی عەلەف لەسەر خاوەن پرۆژەکان بەرز دەبێتەوە بەبێ ئەوەی چاودێری لەسەر کارگەکانی دروستکردنی عەلەف هەبێت لەماوەی چەند مانگێدا نرخی هەر یەک تۆن عەلەف لە ٤٥٠ دۆلارەوە بۆ ٥٥٠ دۆلار بەرز بۆتەوە نرخی هەر یەک جوچک لە ٣٠ سەنتەوە بۆ ٨٥ سەنت بەرز بۆتەوە پێشبینی دەکرێت نرخی جوچک بگاتە ١ دۆلار کە ئەمەش نرخێکی بەرزە بۆ خاوەن پرۆژەکان و تێچوی زۆر دەبێت".

ئاماژەی بەوەشدا لەکاتێکدا مریشک دەچێتە بازاڕەوە کەنرخی ٢٠٠ دینار زیاد دەبێت هەمولایەک نیگەرانیان دەگەیەنن پێمان و ڕێگری لێ دەکرێت بچێت دەرەوە،  ئێمە ماوەی سێ ساڵە داوالەحکومەت دەکەین نرخ بۆ پەلەوەر دیاریبکات و بەشێوەی سیستماتیک ئەم کەرتە لە هەرسهێنان و داروخان بۆستێنێت.

سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان جەخت لەوە دەکاتەوە" لەئێستادا بەهۆی چەندین نەخۆشیەوە ڕۆژانە لەناو هۆڵەکانی بەخێوکردنی پەلەوەردا بە سەدان جوچک و مریشک مردار دەبنەوە و زیانی زۆر بە خاوەن کێڵگەکان دەگەیەنێت، لەئێستادا خاوەن کێڵگە پەلەوەریەکان ترسیان لەوە هەیە جارێکی تر هۆڵەکانیان پڕکەنەوە لە جوچک بەهۆی گرانی عەلەف و جوچک ئەمەش وادەکات گەرتەکەمان بەتەواوی ئیفلیج ببێت".

نازم جاف، دەشڵێت" بەوپەڕی توانامانەوە ئەم کەرتەمان لەسە پێ هێشتۆتوە نەمان هێشتوە تائێستا بکەوێت وە بەردەوام دەسمان ناوە بەڕوی هەموو وەزارەت و کەسایەتی و لایەنە پەیوەندی دارەکان هەوڵەکانیان بخەنە گەر بۆ هێشتنەوەی ئەم کەرتە و پشتیوانی کردنمان بەڵام هەوڵەکانی ئەوان وەک پێویست نییە".

لەسنوری پارێزگای سلێمانی هەڵەبجە و گەرمیان ٩٠٠ پرۆژە بەرهەم هێنانی مریشک هەیە کە خۆی لە١٣٠٠ هۆڵ دەبینێتەوە بێجگە لەپرۆژەی نایاسای.


PM:12:36:14/08/2021