ناوەڕۆکی کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ڕاگەیەندرا

کەمێک پێش ئێستا كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان كۆتایی هات و بڕیاریدا بە پەسەندكردنی پەیڕەوی ئەنجومەنی باڵای ئەوقاف و پڕۆژە یاسای چەك.

بەپێی ڕاگەیەنراوی ئەنجوومەنی وەزیرانبی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیران كۆبووەوە.

لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكەدا ، پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی، ڕەشنووسی ( پەیڕەوی ئەنجومەنی باڵای ئەوقاف و كاروباری ئایینی لە هەرێمی كوردستان) خستەڕوو. ئەنجومەنی وەزیران بە كۆی دەنگی ئامادەبووان، پەیڕەوەكەی پەسەند كرد.
ڕاشیگەیاندووە، ئامانج لەم پەیڕەوە، دەستنیشانكردنی پێكهاتە وئەرك و دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی وەزارەتە لە ناویشیاندا باشتر بەڕێوەبردنی موڵكە وەقفییەكان و وەبەرهێنانیان و بەرەپێشبردنیانە، بە ئاراستەی ڕێكخستنەوەی داهاتی موڵكە وەقفییەكان، لە چوارچێوەی یاسا بەركارەكان و پاراستنی بەرژەوەندی گشتی و بەكارهێنانەوەی داهاتیان، بۆ ئەو مەبەستە خێرخوازییانەی كە موڵكەكانیان، لە پێناودا وەقف كراوە.

لە بڕگەی دووەمدا، ڕەشنووسی (پڕۆژە یاسای چەك لە هەرێمی كوردستان ) لە لایەن وەزیری ناوخۆ ڕێبەر ئەحمەد خرایەڕوو، كە ئامانج لێی، ڕێكخستنەوەی كڕین و فرۆشتن و هەڵگرتن و مامەڵەكردنە بە چەك. دوای كفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و خستنەڕووی چەندین تێبینی، پڕۆژە یاساكە، بە لەبەرچاوگرتنی سەرنج و تێبنییەكان، لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە، بە كۆی دەنگی ئامادەبووان، پەسەند كرا، كە بایەخی زۆری دەبێت لە ڕووی ڕێكخستنەوەی هەڵگرتن و مامەڵەكردن بەچەك ونوێكردنەوە و توندكردنی مەرجەكانی پێدانی مۆڵەتی هەڵگرتنی چەك، بە تایبەتیش كە یاسای ئێستای چەك، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1993 و ناگونجێت لەگەڵ پەرەسەندنەكانی ئێستا و سنوورداركردنی زیادبوونی دیاردەی چەكداریی و حاڵەتەكانی تاوان.

بڕگەی سێیەمی كۆبوونەوەكە، بریتی بوو لە خستنەڕووی (پڕۆژەی ستراتیجی نیشتمانی دەستەی دەستپاكی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان 2021-2025 ) كە لە لایەن ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەستپاكی لە هەرێمی كوردستان خرایەڕوو، كە پلانێكی گشتگیری دەسەڵات و دامەزراوە تایبەتمەندەكانی هەرێمی كوردستانە، لە پێناو حكومڕانییەكی باشتر و شەفافتر، بە ئاراستەی ڕێگەگرتن لە بەهەدەردانی سامانی گشتیی و ڕێگەگرتن لە گەندەڵی، كە یەكێكە لە بڕگە سەرەكییەكانی هێڵە گشتییەكانی، كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

ئەنجومەنی وەزیران، لەسەر پێشنیاری دەستەی دەستپاكی، ستراتیجییەكەی پەسەند كرد، دواتر دەستەی دەستپاكیی لە هەرێمی كوردستان، میكانیزم و شێوازی جێبەجێكردنی، بە هەماهەنگیی لە گەڵ دەسەڵات و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان، دیاری دەكات بە ڕەچاوكردنی تایبەتمەندیی.

بڕگەی كۆتایی كۆبوونەوەكە، خستنەڕووی ڕاسپاردەی دامەزراندنی ئەنجومەنێك بوو بە ناوی ( ئەنجومەنی متمانەبەخشین بە ناوەندەكان و پرۆگرامەكانی خوێندن لە دامەزراوەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان ) كە لە لایەن سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە خرایەڕوو. ئامانج لە دامەزراندنی ئەنجومەنەكە، دانانی ستانداردی گونجاوە بۆ چەسپاندنی متمانەبەخشین، بە جۆرێك كە هاوتەریب بێت لە گەڵ ستانداردی نێودەوڵەتیی و دەستەبەری نایابی ئەكادیمی و ئاكامەكانی پڕۆسەی خوێندن و فێركردن.

ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانی ڕاسپارد، هێڵە گشتیەكانی دامەزراندنی ئەنجومەنەكە ئامادەبكەن، تا لە كۆبوونەوەكانی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران، گفتوگۆی لە بارەوە بكرێت و دواتر پەسەند بكرێت.


PM:04:53:29/09/2021